zagros news agency

كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێک ئاراستەی کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات

 

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێکی سەرتاسەریی ئاراستەی ڕەوەندی کوردستانی لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد، تا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و ڕاگرتنی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەست بە چالاکی و فشارە دیپلۆماسییەکانیان بکەن.

له‌ بانگەوازه‌كه‌یاندا هاتووه‌: “کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەمیشە سەنگەرێکی پتەوی یەکخستنی دەنگی کورد و پشتیوانێکی بێ مەرجی هەموو پارچەکانی کوردستان بووە، ئەمڕۆش لەسەر هەمان ڕێبازی نەتەوەیی و نیشتمانی بەردەوامە، ئێمە لە ڕوانگەی ئەو باوەڕە نەگۆڕەی کە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە پێداگری لەسەر دەکات، ئەویش پاراستنی گەلی کورد و شکۆیی نەتەوەییە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین لەم ساتە هەستیارەدا دەنگمان هەڵببڕین.”

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌: “ئێمە بە توندی هێرشە دڕندەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و شۆڤێنی و توندڕۆکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە مەحکوم دەکەین، کە تێیدا کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت، ئەم هێرشانە تەنیا کردەوەیەکی سەربازی نین، بەڵکوو هەوڵێکی ئاشکران بۆ شکاندنی شکۆی کورد، تێکدانی دیمۆگرافیا و کوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوان کە ساڵانێکە قوربانیی گەورەیان بۆ ئارامیی جیهان و بەرگری لە مرۆڤایەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش داوە.”

هاوكات هه‌ر له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی دیاسپۆرا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: “کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داواتان لێ دەکات لە هەر وڵات و شارێکی جیهانن، بە تێکڕا و بە یەکدەنگیی، بەشداریی هەموو ئەو خۆپیشاندان و چالاکییە مەدەنییانە بکەن بەپێی یاسا مەدەنییەکانی ئەو وڵاتانە و بەشێوەیەکی ئارام، دژی هێرشەکانی سوپای سووریا و بۆ پشتیوانیی لە خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا ڕێکدەخرێن. هەروەها بە شێوەیەکی سەردەمییانە و بەبێ بەکارهێنانی درووشمی توندوتیژی، فشار بخەنە سەر حکومەت، پەرلەمان و ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین.”

 

له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئه‌وه‌ش هاتووه‌، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن بە پەلە بێنە سەر هێڵ بۆ ڕاگرتنی ئەم کۆمەڵکوژییە و پاراستنی هاووڵاتییانی بێتاوان لە گواستنەوەی زۆرەملێ. ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆن، ڕایدەگەیەنین کە بە شێوەیەکی فەرمی نامە و ڕاپۆرتی وردمان لەسەر بارودۆخی مەترسیداری ڕۆژئاوا ئاڕاستەی ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەورووپا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، مێژوو سەلماندوویەتی کە توندوتیژی نابێتە جێگرەوەی گفتوگۆی سیاسی و مافە ڕەواکانمان ناتەپێندرێن.”

له‌ ناوه‌ڕۆكی بانگه‌وازه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌: “با هەموو پێکەوە ببینە دەنگی مەزڵوومییەتی ڕۆژئاوا و ڕێگە نەدەین جارێکی تر گەلەکەمان ڕووبەڕووی جینۆساید ببێتەوە ڕایدەگەیەنین، لە هەردوو شاری کۆڵن و هانۆڤەری ئەڵمانیا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی گەورەترین خۆنیشاندان و ناڕەزایی دژی هێرشەکانی دیمەشق بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕێک دەخات، بۆیە داوا لە کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات، هەموو بەگوڕ و تینەوە بەشداریی ئەو خۆنیشاندانە فراوانە بکەن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكى نووسينگه‌ى سه‌رۆك پێشوازى باڵيۆزى نه‌مسا كرد‌

سەڵاح

کۆمپانیای AMD لەگەل Open Ai گرێبەست دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زیرەکی

یاسین

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێککەوتنامەی یازدەی ئادار

یاسین