zagros news agency

ترامپ و ڤیدیۆ سەیروسەمەرەکانی لە ترووس سۆشیاڵ

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڤیدیۆی نائاسایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «Truth Social» ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە بووەتەوە؛ لە بڵاوکردنەوەی دیمەنی پەلاماردانی کوشندەی گەنجێکی ٢٣ ساڵە لەلایەن پڵنگێکەوە لە بەریتانیا، تا بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڤیدیۆی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد.

ڕووداوەکە ڕۆژی شەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی 2026 لە ناشناڵ پارکی یورکشایەر لە باکووری ئینگلتەرا ڕوویدا، کاتێک گەنجێک بە ناوی ویلیام چەپمەن چووە ناو حەوشەی ڕاگرتنی پڵنگێکی سیبیریی بە ناوی «ئالتای» و لەوێ لەلایەن پڵنگێکەوە پەلامار درا و گیانی لەدەستدا.
ترەمپ ڕۆژی سێشەممە ڤیدیۆیەکی ٤١ چرکەیی ئەو پەلامارەی بڵاوکردەوە و لە ژێریدا نووسی: «هەرگیز زۆرانبازی لەگەڵ سروشتدا مەکە».
دواتر ترەمپ ڤیدیۆیەکی دروستکراوی ژیریی دەستکردی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت زۆرانبازی لەگەڵ پڵنگێکدا دەکات و لە کۆتاییدا لە ئامێزی دەگرێت.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە خێزانی گەنجە کۆچکردووەکە و پۆلیسی بەریتانیا داوایان لە سەرجەم هاووڵاتییان کردبوو لەبەر ڕەچاوکردنی باری دەروونیی خێزانەکەی، ئەو دیمەنانە بڵاو نەکەنەوە.

ئەمڕۆ،م ترەمپ ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاوکردەوە کە بە ئاواز و ئاڕاستەیەکی ئایینییەوە، ناوبراو وەک کەسایەتییەکی هەڵبژێردراو بۆ ڕزگارکردنی ئەمریکا دەخاتەڕوو.
ڤیدیۆکە بە ئاماژەدان بە ڕێکەوتی لەدایکبوونی ترەمپ لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٤٦ دەست پێدەکات و تێیدا هاتووە: «خودا ڕوانییە بەهەشتی خۆی و گوتی: پێویستم بە شوانێکە، بۆیە خودا ترەمپی پێ بەخشین».
دەق و دروشمی ئەم ڤیدیۆیە لە ڕێکلامە بەناوبانگەکەی ساڵی ١٩٧٨ی پۆڵ هارڤی بە ناوی «خودا جووتیارێکی بەدیهێنا» وەرگیراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووە

یاسین

ب چاڤدێرییا پارێزگارێ دهوكێ قوتابخانه‌كا بیست و حه‌فت ڕێزی یا مودرن هاته‌ ڤه‌كرن

سەڵاح

ئەمریکا تێکشکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانی ڕاگەیاند

یاسین