خەباتی مەدەنی (كەزی)، بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە، هەر ئافرەتە و بۆ پشتگیریی لە كورد، پرچی خۆی دەكاتە كەزی، ئەمەش لەبەرامبەر ئەو سەربازەی دیمەشق، كە كەزی شەڕڤانێكی ئافرەتی كوردی دوای شەهیدبوونی لێكردبووەوە و وەكوو سووكایەتییەك لە سۆشیال میدیا بڵاوی كردبووەوە، بەڵام لە توركیا ئەم خەباتە مەدەنییە قەدەغەیە.
هەر لە سەرەتای شەڕی سوپای دیمەشق لەگەڵ هەسەدە، توركیا پشتگیری لە سووریا كرد دژی هەسەدە، هەندێك شڕۆڤەكار پێیانوایە، ئەم شەڕە شەڕی توركیا و هەسەدەیە نەك سووریا و هەسەدە، بۆیە هەر چالاكییەك بۆ پشتگیریی لە هەسەدە لە توركیا قەدەغەیە و سزای لەسەرە.
تاوەكوو ئێستا دوو ئافرەت بەهۆی ئەوەی پرچی خۆیان كەزی كردووە دەستگیر كراون، پەرلەمانتارانی دەم پارتیش دەڵێن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە لە كەزی ئافرەتانیش دەترسن، چونكە لە هەموو جیهان بۆ پشتگیریی لە ئافرەتی كورد و دژی سووكایەتی بە ئافرەتان، خەبانی مەدەنی كەزی ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە توركیا قەدەغەیە.
بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتارەكانی دەم پارتی، لەناو پەرلەمانی توركیا پرچی خۆیان كردە كەزی و لە سۆسیال میدیا بڵاویان كردەوە، لەناویاندا (پەروین بوڵدان، مەراڵ دانش)، بەڵام ئەوان سز نەدراون چونكە پارێزبەندییان هەیە، بەڵام دیار نییە لە داهاتوو لەسەر ئەو رەفتارە پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت یان نا.
لە سۆسیال میدیا، جیا لە ئافرەتانی كورد، بەشێك لە ئافرەتانی توركیش كە لەدەرەوەی توركیا دەژین، وەكوو پاڵپشتییەك بۆ خەباتی كەزی، پرچی خۆیان كردووەتە كەزی و بڵاویان كردوەتەوە.
عومەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی دەم پارتی، لە هەژماری خۆی لە (فەیسبووك)، دژی هەڵوێستی توركیا دەوەستێتەوە بەرامبەر بەو كەسانەی دەیانەوێت پرچی خۆیان بكەنە كەزی و دەڵێت لە كەزی ئافرەتانیشمان دەترسێن.
بەشێكی زۆری ئافرەتان ئامادەن پرچی خۆیان بكەنە كەزی، بەڵام دەبێت خۆیان لە زیندان ببیننەوە و وەكوو تیرۆرست دادگایی دەكرێن، چونكە میدیاكانی توركیا هۆشداری دەدەن، هەر ئافرەتێك پرچی خۆی بكاتە كەزی، كەواتە پشتگیریی لە هەسەدە كردووە.
ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و كەسایەتی سیاسی كوردی باكووری كوردستان، لە دیمانەیەكدا بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی (سۆزجو)، دەڵێت پێم باش نییە ئافرەتان پرچی خۆیان بكەنە كەزی و بڵاوی بكەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدام ئەو سەربازەی سووكایەتی بە كەزی ئافرەتێكی شەڕوان كردووە، بە سزای خۆی بگات.
تان گوتی: ”كەزی لای كورد سەنگی خۆی هەیە، تەنانەت ئێستا لە باكووری كوردستان كاتێك دوو عەشیرەت شەڕ دەكەن، ئەگەر ئافرەتێك بێتە نێوانیان و كەزی خۆی ببڕێت، كەس نابێت لەو كاتەدا شەڕ بكات و دەبێت شەڕ بوەستێنن، بۆیە سووكایەتی بەكەزی ئافرەتی كورد، مایەی قبوڵكردن نییە و هەركەسێك ئەو كارە بكات دەبێت سزا بدرێت.“

