بەهرە محەمەد
کورد لە جیهانی ئەمڕۆدا بۆتە پرس و بابەتی گەلێک لە وڵاتان چونکە کورد ڕۆلێکی کاریگەری هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەزموونێکی جوانی پێکەوەژیان بووە لەناوچەکەدا بەڵام ئەم پێگە و ڕۆلەی کورد لە جیهانی ئەمڕۆدا کە هەیەتی لەخۆیەوە نەبووە بەڵکو دەرئەنجامی کۆمەڵێک کارەساتی گەورە و هەوڵی سەرکردایەتی سیاسی کوردە لە دروستکردنی پەیوەندی دۆستایەتی و لێکتێگەشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەدا جگەلەمەش کوردستان شان بە شانی وڵاتانی دیموکراسی و خۆرئاوایی دژی کارە تێکدەر و تیرۆریەکان بووە ئەمەش هەنگاوێکی باشی پاڵپشتی کوردە لەناوچەکە ، وەک دەزانین لە ڕابردوودا ڕۆڵ و پێگەی کورد چارەنووس ساز نەبووە لە ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا ، بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ دەبینین کورد ڕاستەوخۆ بوون و وجودی هەیە لە زۆربەی ئەو کۆنفرانسە جیهانیانەی کە تایبەتن بە پرسی ئەمنی و ئاسایش و گۆڕانکاری ناوچەکە ، ئەمەش دەیسەلمێنێ کورد لە ئێستادا خاوەن بیرو هزری جێگیر و ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە جیهاندا ، بەتایبەتی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنفرانسی داڤۆس و کۆنفرانسی میونشن .
دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت ئەم هەوڵ و کۆششانەی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لەجیهاندا کاریان بۆ کردووە بەرز بنرخێنین و فاکتەرێکیش بووە بۆ مانەوەی کورد لە جیهان و ناوچەکەدا.
بەتایبەتی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لە ڕابردوودا کە ڕۆڵێکی یەکجار گەورەی هەبوو لە ناساندبی کورد بە جیهان و کارکردن بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی و بوونی پێگەی کورد وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لەناوچەکەدا کە خاوەن ماف و هەرێمێکی تایبەت بەخۆیەتی .
جگەلەمەش ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی چ وەک سەرۆکی حکومەت لە ڕابردوو یاخود وەک سەرۆکی هەرێم لە ئێستادا ، ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەر و گرنگ بووە لە دروستکردنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا کەئەمەش بووە هۆکارێک کە پێگەی کورد لەجیهانی دەرەوەدا بەهێز و کاریگەربێت ئەم ڕۆڵەی نێچیرڤان بارزانی لەدنیای دەرەوە کاری لەسەرکرد ، بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی پێگەی کورد لەجیهاندا بەهێزتر و کاریگەرتر بێت لە ڕووداو و پێشهاتەکان، چونکە بوونی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا و وڵاتانی دیکەی جیهان ئاماژەن بۆ بوونی پێگەی کورد وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەکدا . ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییەو شەڕی سووریا و پەلاماردانی کوردانی ڕۆژئاوا ، بە ڕوون و ئاشکرا دەرکەوت کە کورد پێگەی جیهانی هەیە . هەرئەمەش وایکرد کە دەوڵەتانی جیهانی ببنە پاڵپشت و بەرگریکار بۆ مانەوەی کورد لەڕۆژئاوا. دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت لەلایەن وڵاتانی دەرەودا زۆر بە گرنگ و ڕێزەوە سەیری هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی کراوە . هەمووان دەزانن و دەبینن کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی ئاشتی و سەقامگیری بینیووە لە ناوچەکەدا بە تایبەت ئاماژەدانی سەرۆکی فەرەنسا و ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێردەی تایبەتی ترەمپ کە سوپاسی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانیان کردووە بۆ ئەو ڕۆل و هەوڵانەی کە هەیبوو لە چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ئەم هەوڵانە بوون کە ئەمڕۆ جیهان بەدیدێکی تر سەیری کوردستان بکەن و ڕێز لە قوربانیدان و خەباتی دیموکراسی بگرن و پاڵپشتی مافەکانی کورد بکەن.
پێویستە ئەوەش بزانین ئەو دەستکەوتانەی لە ڕێی دروستکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی کە لەگەڵ وڵاتان دروست دەبێت ، کەمتر نین لەو دەستکەوتانەی کە بە خوێن و قوربانیدان بەدەستمان هێناون، چونکە پاڵپشتی نێودەوڵەتی زامنی پاراستنی کوردە لەجیهان.
لەبەر ئەوە دەبێت پاڵپشت و هاندەری کارە گەورەو هەوڵە جددیەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بین لەوەی کە ڕۆڵێکی وا مەزنی هەبووە لە دروستکردنی پێگەی کورد لە جیهاندا .
بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ وڵاتان بۆ ئەوەی کورد پارێزراو بێت و هەرێمی کوردستان بەرەو پێش ببات .

