دوای دابڕانێکی درێژخایەن کە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە جیهانی سینەما دوورکەوتبووەوە، ئەستێرەی ناوداری جیهانی، کامیرۆن دیاز، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ لای هەوادارانی.
دیاز کە دوایین جار لە ساڵی 2014 لە فیلمی “Annie” بینرا، ئەمجارەیان لە ڕێگەی فیلمێکی نوێی کۆمیدی-ڕۆمانسییەوە دەردەکەوێتەوە.
ئەو ئەستێرەیە لەم دواییانەدا لە شەقامەکانی نیویۆرک، بەتایبەتی لە ناوچەی “ویست ڤیڵدج” و لەبەردەم یانە کولتوورییەکان بینراوە، لە کاتی وێنەگرتنی دیمەنەکانی ئەم بەرهەمە نوێیەدا کە هێشتا ناوێکی فەرمی بۆ دانەنراوە.
ئەم فیلمە لە بەرهەمهێنانی ستۆدیۆکانی Amazon MGM و لە دەرهێنانی ستیڤن ميرشانتە. چیرۆکەکەی باس لە پیاوێکی بەریتانی دەکات کە لە ئوتێلێکی لوکس لە نیویۆرک کاردەکات و بەهۆی بارودۆخی کارەکەیەوە پێویستی بە هاوسەرگیرییەکی میدیایی هەیە، لەوێدا چاوی بە کچە کۆمیدیانێکی سەرکەوتوو دەکەوێت کە کێشەی دارایی و بیمەی تەندروستی هەیە. ئەم هاوسەرگیرییە ساختەیە وردە وردە دەگۆڕێت بۆ چیرۆکێکی خۆشەویستی ڕاستەقینە.
جگە لەم فیلمە، دیاز لە پڕۆژەیەکی دیکەی کۆمپانیای نێتفلێکس بەناوی“Bad Day” بەشدار دەبێت. کامیرۆن دیاز ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری دوورکەوتنەوەی تەرخانکردنی کات بووە بۆ خێزانەکەی و دوو منداڵەکەی، بەڵام ئێستا هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکات کە دەگەڕێتەوە و ئەمە بە سەرەتای قۆناغێکی نوێی ژیانی هونەری خۆی دەزانێت.

