سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی، و سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، شەوی پێنج شەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦ و لە چەند کاتی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجام تێک شکێندراون و کەوتوون. هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆیست و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێوی بەردەوامن.
جەخت لە پشتگیریی ئاشتی و ئۆقرەیی دەکەین و داوا لە هەموولایەک دەکەین کە ئەو هێرشانە ڕابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان نەکەنە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦

