دادگایەکی بەریتانی سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئەکتەری بەریتانی راسل براند ـدا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی سوێندخۆرانەوە بە ئەنجامدانی چوار تاوانی سێکسی، لەوانەش تاوانی دەستدرێژیی سێکسی، بە تاوانبار ناسێندرا.
بڕیارەکە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن دادگای تاوانەکانی ساوسوارک لە شاری لەندن دەرکرا، پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا براند (٥١ ساڵ) لەلایەن دەستەی سوێندخۆرانەوە بە یەک تۆمەتی دەستدرێژی و سێ تۆمەتی تری گێچەڵی سێکسی توند تاوانبار کرا، لە کاتێکدا ناوبراو لە سەرەتاوە بێتاوانی خۆی ڕاگەیاندبوو و جەختی لەوە کردبووەوە کە هەموو پەیوەندییەکی سێکسی لەگەڵ ژناندا بە ڕەزامەندیی خۆیان بووە.
لە دانیشتنی دادگاکەدا، راسل براند بە جلوبەرگێکی تاریکەوە دەرکەوت و لە هەندێک کاتدا هێمای خاچی لەسەر خۆی دەکێشا، پێش ئەوەی دادوەر جۆیل بیناثان لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا، ناوبراوی بە “ڕاوچییەکی سێکسی” وەسف بکات.
دادوەر لە وتەکانیدا ستایشی بوێریی ئەو ئافرەتانەی کرد کە لە دادگادا شایەتییان دا و جەختی لەسەر گرنگیی سووربوونیان لەسەر ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکارییانە کردەوە کە تووشی بووبوون.
هەروەها، دادگا گوێی لە وتەی ژمارەیەک لە قوربانییان گرت؛ کە باسیان لەوە کرد چەندە ساڵە بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن و چ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەبووە.
یەکێک لە ئافرەتانە ئاماژەی بەوە دا کە بۆ چەندین ساڵ لە شۆک و تێکچوونی دەروونیدا ژیاوە، لە کاتێکدا یەکێکی تر جەختی کردەوە کە براند هیچ پەشیمانییەکی بۆ کارەکانی نیشان نەداوە.

