ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمساڵ 5 هەزار و 120 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان فەریزەی حەج بەجێ دەگەیەنن؛ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاریی تەواو و پاڵپشتیی دارایی بۆ حاجییان دابین دەکات.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 7ی ئایار، یەکەم گەشتی حاجییان لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە دەست پێ بکات. پڕۆسەی گواستنەوەی سەرجەم حاجییان بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەڕێوە دەچێت و لە ماوەی 5 ڕۆژدا هەموو حاجییان دەگەیەنرێنە وڵاتی سعوودیە. جێی ئاماژەیە، ئەمساڵ تەواوی گەشتەکان تەنیا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەبن و گەشتی وشکانی ئەنجام نادرێت.
بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی حاجییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمێکی تایبەتی لە 108 فەرمانبەر و کارمەند پێک هێناوە، کە پێکهاتوون لە تیمەکانی (پزیشکی، کارگێڕی، چاودێریی خواردن و هاتوچۆ) تا لە هەموو قۆناغەکانی گەشتەکەدا هاوکار و خزمەتگوزاری حاجییان بن.
لە لایەکی دیکەوە و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4 ملیار دیناری وەک پاڵپشتی بۆ ئەم وەرزەی حەج تەرخان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی داشکاندن و کەمکردنەوەی تێچووی گشتیی گەشتەکە بۆ هەر حاجییەک.

