zagros news agency

پێنجشەممە یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمساڵ 5 هەزار و 120 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان فەریزەی حەج بەجێ دەگەیەنن؛ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاریی تەواو و پاڵپشتیی دارایی بۆ حاجییان دابین دەکات.

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 7ی ئایار، یەکەم گەشتی حاجییان لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە دەست پێ بکات. پڕۆسەی گواستنەوەی سەرجەم حاجییان بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەڕێوە دەچێت و لە ماوەی 5 ڕۆژدا هەموو حاجییان دەگەیەنرێنە وڵاتی سعوودیە. جێی ئاماژەیە، ئەمساڵ تەواوی گەشتەکان تەنیا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەبن و گەشتی وشکانی ئەنجام نادرێت.

بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی حاجییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمێکی تایبەتی لە 108 فەرمانبەر و کارمەند پێک هێناوە، کە پێکهاتوون لە تیمەکانی (پزیشکی، کارگێڕی، چاودێریی خواردن و هاتوچۆ) تا لە هەموو قۆناغەکانی گەشتەکەدا هاوکار و خزمەتگوزاری حاجییان بن.

لە لایەکی دیکەوە و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 4 ملیار دیناری وەک پاڵپشتی بۆ ئەم وەرزەی حەج تەرخان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی داشکاندن و کەمکردنەوەی تێچووی گشتیی گەشتەکە بۆ هەر حاجییەک.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئه‌مه‌ریكا کارمەندانی کەشتییەکی یۆنانی له‌ ده‌ست حوسییەکان رزگار ده‌كات

سەڵاح

مووچەی چەند مانگێکی ئەم توێژە دابەش دەکرێت

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا زیاتر بەرزبویەوە

سەڵاح