وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سزای نوێی بەسەر بەرپرسان و کۆمپانیا عێراقییەکان و سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکاندا سەپاند، بە تۆمەتی “قۆستنەوەی کەرتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییەکانی تاران و میلیشیاکانی”.
بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC)، سزاکان عەلی مەعرەج بەهادلی، جێگری وەزیری نەوتی عێراقی گرتووەتەوە، بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بەرژەوەندی ئێران. هەروەها سزاکان سێ سەرکردەی باڵای گرووپە چەکدارەکانی گرتووەتەوە، لەوانە: مستەفا هاشم بەهادلی (عەسائیب)، ئەحمەد خوزەیر مەکسووسی و محەمەد عیسا شوێڵی (کەتائیبی سەیدولشوهەدا)، بە تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت و کڕینی چەک بە هەماهەنگی لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند: “نەهێڵین نەوتی عێراق بۆ پشتگیری تیرۆر بەکاربهێنرێت”. بەپێی بەیاننامەکە، جێگری وەزیری نەوت تۆمەتبار کراوە بە “تەزویرکردنی بەڵگەنامەکانی سەرچاوەی نەوت” بۆ شاردنەوەی نەوتی ئێران و تێکەڵکردنی بە نەوتی عێراق لە خور زوبەیر.

