ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە میانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین، گفتوگۆیەکی درێژخایەن لەگەڵ شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی سەبارەت بە جەنگی ئێران ئەنجام دەدات، بەڵام جەختی کردەوە کە پێی وانییە لەم دۆسیەیەدا پێویستی بە یارمەتیی “شی” هەبێت.
ترامپ لە کاتی بەجێهێشتنی کۆشکی سپی بەرەو پەکین، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “پێم وانییە لە پرسی ئێراندا پێویستمان بە هیچ هاوکارییەک هەبێت. ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەردەکەوین، چ بە شێوەیەکی ئاشتییانە بێت یان بە پێچەوانەوە.”
بڕیارە سەرکردەی دوو گەورەترین ئابووریی جیهان یەکەمین گفتوگۆی ڕووبەڕووی نێوانیان لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگدا ئەنجام بدەن، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ سەقامگیرکردنی ئەو پەیوەندییە گرژانەی کە بەهۆی بازرگانی، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و چەند پرسێکی دیکەی جێی ناکۆکی دروست بوون.
سەفەرەکەی ترامپ بۆ چین لە کاتێکدایە کە جەنگ لەگەڵ ئێران هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و دانوستانە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە گەیشتوونەتە بنبەست. پەکین تا ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پاراستووە و وەک کڕیارێکی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئێران ماوەتەوە.
پێشتر ترامپ فشاری دەخستە سەر چین بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت تا تاران هان بدات بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد.
بڕیارە سەرۆکە کۆمارییەکەی ئەمریکا سبەینێ چوارشەممە بگاتە پەکین، و کۆبوونەوە فەرمییەکان لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا بەڕێوە بچن. ئەمە یەکەم سەردانی ترامپە بۆ چین لە دوای ساڵی ٢٠١٧وە.
ترامپ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: “زۆر بابەتمان هەیە بۆ گفتوگۆکردن. بە ڕاشکاوی بڵێم، پێم وانییە ئێران یەکێک بێت لەوانە، چونکە ئێران تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە.”
رۆیتهرز

