مەمدوح موسا، ڕاگەیاندکاری میسری، سوپرایزێکی بۆ هەوادارانی هونەر لە جیهانی عەرەبیدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەرنامەیەکی دۆکیۆمێنتاری بە ناوی “صندوق ذكريات الزعيم” بەرهەم دەهێنرێت.
ئەم بەرنامەیە باس لە کاروانی هونەری و ژیانی مرۆیی عادل ئیمام دەکات، ئەمەش پاش چەندین ساڵ دابڕانی ناوبراو لە گۆڕەپانی هونەری.
مەمدوح موسا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەم کارە پڕۆژەیەکی گشتگیرە و تیشک دەخاتە سەر ژیانی یەکێک لە دیارترین هێماکانی هونەری عەرەبی، مەبەست لێی نیشاندانی وێنەیەکی جیاوازە لەبارەی ژیانی تایبەتی و هونەری ئەم ئەکتەرە.
بەرنامەکە تەنیا باس لە کارە هونەرییەکان ناکات، بەڵکو پەردە لەسەر نهێنی و وردەکارییەکانی ژیانی عادل ئیمام لادەدات لە ڕێگەی ئەرشیفێکی دەگمەنەوە کە پێشتر بڵاونەکراونەتەوە.
هەروەها بەرنامەکە چەندین گەشتی هونەری بۆ وڵاتانی وەک ئەمریکا، یەمەن، تونس و مەغریب دەخاتە ڕوو.
مەمدوح موسا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پەیوەندییەکەی لەگەڵ عادل ئیمام بۆ زیاتر لە 40 ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەمەش وای لێ کردووە شارەزای وردەکارییەکانی ژیانی بێت.
دوایین دەرکەوتنی عادل ئیمام لە 2020 و لە زنجیرە درامای “ڤلانتینۆ“ـدا بوو، تێیدا چەندین هونەرمەندی دیکە بەشدارییان کردبوو.

