کۆمپانیای “Walt Disney Pictures” پۆستەری بانگەشەیی نوێی بۆ فیلمی ئەنیمەیشنی “Toy Story 5” بڵاوکردەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ نمایشکردنی لە سینەماکانی جیهان.
بڕیارە فیلمەکە لە ڕێکەوتی 19ی حوزەیرانی داهاتوو بە شێوەیەکی جیهانی نمایش بکرێت. ئەم بەشە نوێیە کەسایەتییە خۆشەویستەکانی وەک “Woody” و “Buzz Lightyear” و “Jessie” کۆدەکاتەوە لە ناو سەرکێشییەکی نوێدا کە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی جیهانی منداڵان لە سەردەمی نوێدا.
چیرۆکی ئەم بەشە لەبارەی ململانێی نێوان یارییە کلاسیکییەکان و تەکنەلۆژیای سەردەمە، کاتێک ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەبنە مەترسی بۆ سەر خەیاڵ و داهێنان لە کاتی یاری کردنی منداڵاندا.
“Woody” و هاوڕێکانی خۆیان لەبەردەم ئاستەنگییەکی نوێدا دەبیننەوە بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان لە جیهانێکدا کە ئارەزووی منداڵان بەردەوام بەرەو ئامێرە زیرەکەکان دەچێت.
تیمی بەرهەمهێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئامانجی ئەم سەرکێشییە پاراستنی ڕۆحی هاوڕێیەتی و خۆشییە لە ناو ژیانی منداڵاندا. بۆ دەنگی کەسایەتییەکان، توم هانکس بۆ ڕۆڵی “Woody” و تیم ئەلین بۆ ڕۆڵی “Buzz Lightyear” دەگەڕێنەوە، جگە لە بەشداری ئەکتەری دیکە وەک جوان کوزاک و تۆنی هێڵ.
فیلمەکە لە دەرهێنانی ئەندرۆ ستانتۆنە و بە هاوکاری “Pixar Animation Studios” بەرهەم هێنراوە.

