لە هەنگاوێکی نوێی دیپلۆماسی نێوان واشنگتن و تاراندا، ماڵپەڕی هەواڵی «ئەکسیۆس» بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاماژەی داوە کە ئەمریکا و ئێران لە نزیک بوونەوەی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکدان کە پێی دەوترێت ئاگربەستی 60 ڕۆژە درێژ بکرێتەوە و لە ماوەی ئەو ئاگربەستەدا دەریای هورمز دوبارە بکرێتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکە ڕێگە بە ئێران دەدات نەوت بە ئازادی بفرۆشێت و هەروەها گفتوگۆ لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ناوکییەکەی دەستپێبکات.
ڕاپۆرتی «ئەکسیۆس» دەڵێت لە ماوەی 60 ڕۆژەکەدا دەریای هورمز بەبێ هەر باج و سنوورێک کراوە دەبێت و ئێرانیش ڕازی دەبێت مینەکان لە ناوچەکە لاببات بۆ ئەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان بە ئازادی ئەنجام بدرێت.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا هەنگاوی سووککردنی گوشاری ئابووری دەگرێتەبەر؛ بەم شێوەیەی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت و هەندێک لە سزا ئابوورییەکان ڕادەگرێت بۆ ئەوەی تاران بتوانێت نەوت بە شێوەی ئاسایی بفرۆشێت.
بەشێکی دیکەی مسودەی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە پەیمانی ئێران بەوەی هەرگیز هەوڵ بۆ دەستکەوتنی چەکی ناوکی نەدات، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ڕاگرتنی بەرنامەی دەوڵەمەندکردنی یورانیۆم و لابردنی پاشەکەوتی یورانیۆمی بەرز دەوڵەمەندکراو.
دوو سەرچاوەش بۆ «ئەکسیۆس» ئاشکرا کردووە کە ئێران بە ڕێگەی ناوەندەکانی ناوبژیوانی، بەڵێنی زارەکی داوە سەبارەت بە ئەو ئاستەی لە سازش و پاشەکشە ئامادەیە لە بابەتی ڕاگرتنی دەوڵەمەندکردن و وازهێنان لە ماددە ناوکییەکاندا.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە واشنگتن لە ماوەی ئەو ئاگربەستەدا ئامادەی گفتوگۆ دەبێت لەسەر هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و ئازادکردنی پارە بەستراوەکانی ئێران.

