فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە سوپای وڵاتەکەی چەند هێرشێکی وردی لە باشووری ئێران ئەنجامداوە. هێرشەکان ئەو پێگە و کەرەستە سەربازییانەیان کردووەتە ئامانج کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دروست کردبوو.
بەگوێرەی بەیاننامە فەرمییەکەی سێنتکۆم، ئامانجی هێرشەکان چەند بەلەمێکی سەربازی بوون کە خەریکی چاندنی مین لە ناوچە ئاوییەکاندا بوون، لەگەڵ چەند پێگەیەکی هەڵدانی مووشەک لە باشووری ئێران. سوپای ئەمریکا ئەم هەنگاوەی وەک “کردەوەیەکی بەرگریانە” وەسف کردووە.
لەو بارەیەوە، کاپتن تیم هاوکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند: “ئەم هێرشانە بە مەبەستی پاراستنی سەربازەکانمان بووە لەو هەڕەشانەی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دروست دەکرێن.”
هاوکینز ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرەڕای ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، ئەمریکا پابەندە بە “دانبەخۆداگرتن” لە ماوەی ئەم ئاگربەستەی کە ئێستا لە ئارادایە، بەڵام جەختی کردەوە کە پاراستنی هێزەکانیان لە هەر جۆرە مەترسییەک لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیار و ئاگربەستێکی ناسکدایە، و چاودێرانی سیاسی نیگەرانن لەوەی ئەم جۆرە پێکدادانانە کاریگەری بکەنە سەر ئارامیی ناوچەکە.
Reuters

