دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەلەمەکانی لە باشووری ئێران بە ئامانج گرت، بەرپرسانی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە کە دوو بەلەم لەناوبراون و شوێنێکی مووشەکی لە بەندەری عەبباس کراوەتە ئامانج؛ ئەو شوێنەی بەگوێرەی وتەیان هەوڵی ئامانجگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکای داوە.
یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکی، ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی “فۆکس نیوز” وت کە ئەم هێرشانە بە مانای کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستە ناسەقامگیرە نییە کە مانگی ڕابردوو رێکەوتنی لەسەر کرا.
هەروەها، بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە “سی ئێن ئێن” ڕاگەیاند کە ئەو هێرشانە وەڵامدانەوەیەکی بەرگرییانە بوون و بەشێک نەبوون لە هێرشێکی پێشوەخت پلاندانراو.
لە هەمان کاتدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا،مارکۆ رۆبیۆ جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە هێشتا گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران ئەگەری هەیە، سەرەڕای هێرشە نوێکانی ئەمریکا.
ڕووبیۆ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەوانان لە شاری Jaipur لە ماوەی سەردانێکی فەرمی بۆ هندستان وت: «هەندێک گفتوگۆ لە قەتەر ئەنجامدراوە، دەبینین ئایا دەتوانین هیچ پێشکەوتنێک بەدەست بهێنین. پێم وایە گفتوگۆی زۆر لەسەر خاڵە دیاریکراوەکانی بەڵگەنامەی سەرەتایی هەیە، بۆیە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.

