سوپای پاسداران هەواڵی ناسینەوە و “تێکشکاندنی” درۆنێکی ئەمریکای ڕاگەیاند و گوتی یەکەکانی بەرگریی سوپا تەقەیان لە درۆنێک و فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا کردووە چووبوونە ناو سنووری ئاسمانیی ئێرانەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران کە ڕۆژی سێشەممە ٥ی جۆزەردان بڵاو کرایەوە، ئیدیعای ئەوە کراوە هێزەکانی سوپا درۆنێکی جۆری MQ9یان ناسیوەتەوە و خستوویانەتە خوارەوە. هەروەها بە تەقەکردن لە درۆنێکی RQ4 و فڕۆکەیەکی جەنگیی F35، ناچاریان کردوون لە سنووری خاکی ئێران بچنە دەرەوە. سوپا سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداری دا و جەختی کردەوە مافی وەڵامدانەوەی بۆ خۆی پاراستووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران کاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوانە ڕوون نەکراوەتەوە. سوپای ئەمریکا تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر ئەم ئیدیعایە نیشان نەداوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو سوپای ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە چەند پێگەیەکی موشەکی و بەلەمێکی لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج خەریکی مینڕێژکردن بوون. میدیاکانی ئێران ڕاپۆرتیان داوە لانی کەم سێ ئەندامی سوپای پاسداران لەو هێرشانەدا کوژراون.

