عەلی باقری کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی داوای ئازادکردنی هەموو ئەو سامانە دەکات کە لەلایەن ئەمریکاوە بەستێنراون. بە پێی هەواڵی ئاژانسی «تەسنیم»ی ئێران، ئەو وتی دەبێت ئەو سامانانە «بە تەواوی و بەبێ مەرج» بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران.
لە هەمان کاتدا، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی تاران هێشتا پابەندە بە داواکارییە سەرەکییەکانی لە گفتوگۆکان لەگەڵ واشنگتن سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕ.
عەزیزی، کە پێدەچێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری دانیشتنەکان نەکات، لە پۆستێک لەسەر پلاتفۆرمی «ئێکس» نووسی: «ئێران هەرگیز لە هێڵە سوورەکانی خۆی ناچێتە دواوە، کە بریتین لە: مافی دەوڵەمەندکردنی ئۆرانیۆم، هەبوونی ئۆرانیۆمی دەوڵەمەندکراو، دەسەڵات بەسەر کەنداوی هورموز، و هەڵگرتنی سزاکان».
ئەو زیادیکرد: «ئاشکرایە کە دونالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ دەرچوون لەم قەیرانە ستراتیژییەدا لەنێوان هەڕەشەکردن و بانگهێشتکردن بۆ ڕێککەوتن هاتووچۆ دەکات.
لە کۆبوونەوەی حکومەتدا ڕۆژی چوارشەممە، ترەمپ وتی: «سەرکردەکانی ئێران زۆر حەز دەکەن بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون». ئەو هەروەها وتی: «یان دەگەنە ڕێککەوتن، یان ناچار دەبین تەواوی کارەکە یەکلاکەرەوە بکەین».
ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوبات هێرشێکیان کردە سەر ئێران، و ئێستا لە سەرەتای نیسانەوە ئاگربەستێک بەردەوامە.

