محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی “هیچ متمانەیەکی” بە بەڵێنەکانی ئەمریکا نییە. قالیباف لە دانیشتنێکی پەرلەماندا ئاماژەی بە کوژرانی عەلی خامنەیی لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران کرد و ڕێبەرایەتیی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی، وەک “نەخشەڕێگای” پەرلەمان ناو برد.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و ئاگربەست گوتی ئەرکی دیپلۆماسی گۆڕینی سەرکەوتنە سەربازییەکانە بۆ دەستکەوتی سیاسی و یاسایی. ناوبراو جەختی کردەوە تا ئەو کاتەی لە وەرگرتنی مافەکانی گەلی ئێران دڵنیا نەبن، هیچ ڕێککەوتنێک پشتڕاست ناکەنەوە. قالیباف هەروەها بێ ئاماژەدان بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی جەنگ و گەمارۆکان، ڕایگەیاند بەرپرسانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی کێشە بژێوییەکان هەوڵ دەدەن و دڵنیایە کۆماری ئیسلامی لەم جەنگەدا سەرکەوتوو دەبێت.

