وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ڕۆژی سێشەممە ڕای گەیاند بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، تا کاتێکی نادیار گەشتی هاووڵاتییانی بۆ ئێران و عێراق قەدەغە کردووە.
لە کاتی دەستپێکی ململانێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران، کۆماری ئیسلامی و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق، هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و بەحرەینیش یەکێکە لەوان.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرەین کۆتایی مانگی ڕابردوو بڵاوی کردەوە دادگایەکی ئەو وڵاتە ٩ کەسی بە تۆمەتی هاوکاریی سوپای پاسداران بە زیندانی هەتاهەتایی و ٢ کەسی دیکەی لە هەمان دۆسیەدا بە ٣ ساڵ زیندان سزا داوە.
بەحرەین یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت و چەندین ساڵە ڕووبەڕووی ئاڵێنگاریی دەستوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین چەندین جار دژی دەستوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

