zagros news agency

نەتەوە یەکگرتووەکان بڕگەیەکی یاسای تاڵیبان دەربارەی هاوسەرگیریی منداڵان سەرکۆنە دەکات

لیژنەی مافەکانی منداڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕگەی ١٨ی “یاسای جیاکردنەوەی هاوژینان”ی تاڵیبانی سەرکۆنە کرد، چونکە ڕێگە بۆ شەرعییەتپێدانی هاوسەرگیریی منداڵان خۆش دەکات.
لیژنەکە ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند ناوەڕۆکی ئەم یاسایە لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ ناگونجێت و نیگەرانیی جیدیی لە بواری مافەکانی منداڵدا دروست کردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “هەر هاوسەرگیرییەک تەمەنی یەکێک لە لایەنەکان کەمتر لە ١٨ ساڵ بێت، بە هاوسەرگیریی منداڵ دادەنرێت و بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندیی ئازادانە و ئاگادارانە، بە جۆرێک لە هاوسەرگیریی زۆرەملێ هەژمار دەکرێت.”
لیژنەی مافی منداڵ جەختی کردەوە گەیشتن بە باڵغبوونی جەستەیی نابێتە پێوەری یاسایی بۆ هاوسەرگیری یان نیشانەی چوونە ناو قۆناغی گەورەساڵی، چونکە ئەم تێڕوانینە لەگەڵ بنەماکانی مافی منداڵدا دژبەیەکە.
ئەم دامەزراوەیە هۆشداریی دا جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە دەبێتە هۆی توندوتیژی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، دووگیانیی پێشوەختە و بێبەشکردنی کچان لە مافی خوێندن.
لیژنەی مافی منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە تاڵیبان کرد هەموو ئەو سیاسەتانەی دژی مافی منداڵانن هەڵوەشێنێتەوە. هاوکات نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یۆناما) ڕای گەیاند ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی شەرعییەتپێدان بە هاوسەرگیریی منداڵان و زیادبوونی جیاکاری دژی ژنان و کچان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەکات

یاسین

گەشتی فڕۆکەوانی بۆ لوبنان و ئیسرائیل وەستان

سەڵاح

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەکات

یاسین