zagros news agency

مارلین مۆنڕۆ لە 100 ساڵەی لەدایکبوونیدا وەک جوانترین ژنی دنیا یادی دەکریتەوە

لە سەرەتای حوزەیرانی 2026، مارلین مۆنڕۆ دەبووە 100 ساڵ. کەم کەس هەن وەک ئەو بە شێوەیەکی بەردەوام لە کولتووری هاوچەرخدا مابێتنەوە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 6 دەیە بەسەر کۆچی دوایی، وێنەکانی ئێستا لەسەر پۆستەر، بەرگی گۆڤارەکان و دیواربەندی مۆزەخانەکان دەبینرێن.

 

بە بۆنەی 100 ساڵەی لەدایکبوونی، چەندین پێشانگەی نوێ لە لۆس ئەنجلس و لەندەن دەکرێنەوە و کتێبی نوێ لەبارەی ژیانی بڵاو دەکرێنەوە.

 

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، بۆچی جیهان بەردەوام پێویستی بە مارلین مۆنڕۆ هەیە؟ وەڵامەکە لەو پارادۆکسەدایە کە لە کەسایەتی ئەودا هەبوو؛ ئەو بەناوبانگترین ژنی سەدەی 20 بوو، بەڵام کەمترین تێگەیشتن لەبارەی ژیانی ڕاستەقینەی هەبوو.

 

نۆرما جین مۆرتنسۆن لە ساڵی 1926 لەدایکبوو، منداڵییەکی پڕ لە ناڕەحەتی لە خانەی بێسەرپەرشتان بەسەر برد. هۆڵیوود بۆ مارلین مۆنڕۆی گۆڕی، ئەو شۆخەی کە بووە هێمای جوانی و سەرنجڕاکێشی، بەڵام لە پشت ئەو وێنەیە، ژنێک هەبوو کە بەردەوام هەوڵی دەدا بە رێزەوە سەیر بکرێت. ئەو یەکێک بوو لە باشترین ئەکتەرە کۆمیدییەکانی نەوەی خۆی و لە فیلمەکانی وەک “Some Like It Hot” و “Gentlemen Prefer Blondes” زیرەکییەکی زۆری نیشان دا.

 

مارلین جیاواز لە ئەستێرەکانی دیکە، ناسکی و بێهێزی خۆی بە دیاری نیشان دەدا، ئەمەش وای دەکرد جەماوەر هەست بە نزیکی لێ بکەن.

 

کۆچی دوایی مارلین مۆنڕۆ لە تەمەنی 36 ساڵیدا لە ساڵی 1962، تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە. ئایا خۆی کوشت یان کوژرا؟ ئەم پرسیارانە بۆ چەندین دەیە بەردەوامن. زۆر کەس لەو بڕوایەدان، مردنی لە تەمەنی گەنجیدا وای کرد وێنەکەی لە کاتدا بوەستێت و نەپیر بێت.

 

مارلین مۆنڕۆ پێش هەمووان تێگەیشت چۆن ناوی خۆی بکاتە براندێکی جیهانی. ئەو تەنیا ئەکتەر نەبوو، بەڵکو نموونەی یەکەمی ئەستێرە جیهانییەکان بوو کە دواتر کەسانی وەک مادۆنا و کیم کارداشیان چاویان لێ کرد.

 

لە 2023، مارلین مۆنڕۆ لە ڕیزبەندی 12ی لیستی فۆربس بوو بۆ ئەو کەسایەتییە مردووانەی زۆرترین داهاتیان هەیە، کە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری تۆمار کردووە. مێژووی مارلین مۆنڕۆ نیشانمان دەدات کە مرۆڤ چەند باجێکی قورس دەدات کاتێک دەبێتە هێما و ئایکۆنێکی جیهانی.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا كۆبوونه‌وه‌

یاسین

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

سەڵاح

راگەیەندراوێک لەوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین