پەیوەندی مارکۆس ڕاشفۆرد بە یانەی بەرشەلۆنەوە هێشتا وەک ئەگەرێک لە ئارادایە و ئەگەری هاتنی ئانتۆنی گۆردۆن بۆ ئەو یانەیە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەو دەرفەتە دانەناوە.
کارگێڕی بلاوگرانا لە ئێستادا بەهۆی باشتربوونی دۆخی داراییەوە بە جیاواز سەیری مامەڵەی ئەو دوو یاریزانە دەکات و ئامادەیی یانەکەش بۆ خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر لە پێناو جولیان ئالڤارێزدا، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو گەشەسەندنە داراییەی بەرشەلۆنە بەخۆیەوە بینیویەتی.
لە ئێستادا هانسی فلیک و دیکۆ و لاپۆرتا و خودی ڕاشفۆردیش ئارەزووی سەرکەوتنی ئەم گرێبەستە دەکەن، بەڵام بەربەستی تەمەنی بیست و هەشت ساڵی و مووچە بەرزەکەی یاریزانەکە هۆکارن بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەم مامەڵەیە هێشتا بە نادیاری بمێنێتەوە و هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر نەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە یانەی مانچستەر یونایتد دڵنیاە لەوەی دەتوانێت بڕە پارەیەکی باش لە فرۆشتنی ڕاشفۆرد دەستەبەر بکات، چونکە یانەکانی نیوکاسڵ کە دەیەوێت شوێنی گۆردۆن پڕ بکاتەوە و ئاستۆن ڤێلا و تۆتنهامیش چاودێری دۆخی یاریزانەکە دەکەن. هاوکات بایرن میونشنی ئەڵمانیش دەیەوێت لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی تواناكانی مایکڵ ئۆلیس و لویس دیازدا، ڕاشفۆرد بۆ ڕیزەکانی بگوازێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەگەری خواستنی یاریزانەکە بۆ یانەیەکی دیکە بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش نەکراوە. نوێنەرانی ڕاشفۆردیش هەوڵدەدەن بە تەواوی سەرنجی یاریزانەکە بۆ مۆندیال بگوازنەوە، بەو پێیەی ڕاشفۆرد لە ئێستاوە پەیوەندی بە کەمپی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەکەیەوە کردووە.

