ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی بەڕازیل، دوای سەرکەوتنی تیپەکەی لە یارییە دۆستانەیەکدا بەرامبەر میسر کە دوا تاقیکردنەوە بوو پێش دەستپێکی مۆندیال، دڵخۆشی خۆی بە ئاستی یاریزانەکانی دەربڕی و ئاشکرای کرد کە بە تەواوی پلانی پێکهاتەی سەرەکی بۆ یاری یەکەمی مۆندیال بەرامبەر مەغریبی لە مێشکی داڕشتووە.
ئەنچیلۆتی ئاماژەی بەوە کرد کە هەماهەنگی نێوان ڤینیسیۆس و ڕافینیا لە یارییەکەدا زۆر بەرز بووە و هیوای خواست ئەو ئاستە بەرزە لە جامی جیهانیشدا بەردەوام بێت. ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئاستی شەست خولەکی یەکەمی تیپەکەی نایاب بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەشی نەشاردەوە کە لە سی خولەکی کۆتاییدا پێویستیان بە کۆنترۆڵکردنی زیاتری یارییەکە هەبووە. سەبارەت بە تیپی بەرامبەریش، ئەنچیلۆتی ستایشی ڕێکخستنی هەڵبژاردەی میسری کرد و بە تیپێکی بەهێزی وەسف کردن.
لە بارەی پێکانەکەی وێسلی کە لە تایمی یەکەمدا بە گریانەوە یاریگای جێهێشت، ئەنچیلۆتی ڕایگەیاند کە پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان بن بۆ ئەوەی ڕادەی کێشە ماسولکەییەکەی بە تەواوی دەستنیشان بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا کە دانیلۆ چارەسەرێکی گونجاوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنە لە پێکهاتەکەدا. لە کۆتاییدا ڕاهێنەرەکە هیوای خواست کە مارکینۆس و گابرێل لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە تەواوی چاک ببنەوە و بە ئاستی سەد لە سەد ئامادە بن.

