zagros news agency

تەقەکردن لە ئیسرائیل کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە ناوەندی ئەو وڵاتە، کەسێک کوژرا و لانی کەم پێنج کەسی دیکە بریندار بوون. هێرشبەرە چەکدارەکەش دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
پێگەی هەواڵیی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی جۆزەردان بڵاوی کردەوە، ئەو تەقەکردنە لە سێ شوێنی جیاوازی نزیک دیواری ئەمنیی کەناری ڕۆژاوا ڕووی داوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تیمە فریاگوزارییەکان لە ناوچەکانی کۆخاو یائیر، تسور ییتسخاک و تسور ناتان لە ناوەندی ئیسرائیل چارەسەریی پزیشکییان بۆ چەند بریندارێک کردووە. ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئیسرائیل ڕایگەیاند پیاوێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە نزیک تسور ناتان گیانی لەدەست دا و کەسێکی دیکەش تەمەن نزیکەی ٤٠ ساڵ، بە بارودۆخێکی سەختەوە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد بنیامین نەتانیاهۆ بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە و بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات.
پێشتریش لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، هێرشکردن بە چەقۆ و ئۆتۆمبێل لە باکووری ئیسرائیل دوو کوژراوی لێ کەوتبووەوە.
پۆلیسی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی ئەنجامدەری تەقەکردنەکە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا کوژراوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکان دوای گەڕان و بەدواداچوون، هێرشبەرەکەیان دۆزیوەتەوە و بە تەقەی گوللە کوشتوویانە؛ ئەو کەسە دانیشتووی شاری تەیبەی عەرەبنشین بووە لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە. هەروەها دەست بەسەر چەکێکی جۆری “کارلۆ”دا گیراوە کە لە هێرشەکەدا بەکار هاتبوو.
ئەمە لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتبووی دوو هێرشبەر لەو کارەدا بەشدار بوون و هەردووکیان بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون. بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە، هێرشبەرەکان ئۆتۆمبێلێکیان بە تابلۆی ئیسرائیلەوە بەکار هێناوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە جادەکاندا هاتوچۆی پێ کراوە.
سوپای ئیسرائیل هەروەها گەمارۆی چەند گوندێکی فەلەستینیی لە ناوچەکە دا و دەروازەیەکی نزیک کەناری ڕۆژاوای داخست.
تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوی کردەوە دوای هێرشەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەی تسور ییتسخاک لێ دراوە. سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی ئەو شارە کرد تا ئاگادارکردنەوەی دواتر لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و دەرگاکان دابخەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لە شاری دهۆک دابیندەکرێت

سەڵاح

عێراق: له سەرەتای مانگی داهاتووەوه پارەدانی کاش له دامودەزگا حکومییەکان رادەگیرێت

سەڵاح

دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کورد و رەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر بەڕێوەدەچێت

ART