zagros news agency

ژمارەی قوربانیانی دوو بوومەلەرزەکەی ڤه‌نیزوێلا ١٤٠٠ کەسی تێپەڕاند

 

خۆرخێ ڕۆدریگز، سەرۆکی پەرلەمانی نیشتمانیی ڤێنیزوێلا ڕایگەیاند ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی لەم دواییەدا وڵاتەکەی هەژاند، تا ئێستا ١٤٣٠ قوربانی و زیاتر لە سێ هەزار برینداری لێ کەوتووەتەوە. ناوبراو گوتی دوو بوومەلەرزەکە بە گوڕی ٧.٢ و ٧.٥ پلەی ڕێختەر ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی حوزەیران بە مەودایەکی کاتیی کەم ڕوویان دا و تا ئێستا ٤٣٠ پاشلەرزەیان هەبووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان زیانە ماددییەکانی ئەم بوومەلەرزانەی بە زیاتر لە ٦.٥ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، ئەمەش نزیکەی شەش لەسەدی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە پێک دەهێنێت. یەکێتیی ئەورووپا پێنج ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی بەپەلەی بۆ پشتگیریکردنی لێقەوماوان تەرخان کردووە. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە گوتی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی سیستەمی مانگی دەستکردی “کۆپەرنیکۆس”ەوە پشتگیریی تیمەکانی فریاگوزاری لە ناوچە کارەساتبارەکان دەکات.

“٥٠ هەزار بێسەروشوێن”
پڕۆسەی ڕزگارکردنی قوربانیان لە ڤێنیزوێلا بەردەوامە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان نزیکەی ٥٠ هەزار کەس تا ئێستا بێسەروشوێنن و هیوای ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان بۆ دۆزینەوەی کەسانی زیندوو لەژێر داروپەردووی ڕووخاودا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. زۆرێک لە خێزانەکان بە دەستی خاڵی لە ناو وێرانەکاندا بەدوای تەرمی ئازیزانیاندا دەگەڕێن.
هەروەها مەترسیی ئەوە هەیە ملیۆنان کەس دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە نەگات. بە گوێرەی زانیارییەکان خزمەتگوزاریی کارەبا و مۆبایل لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان تا ئێستا بە تەواوی کارا نەکراوەتەوە و زۆرێک لە خێزانەکان بێسەروپەنا ماونەتەوە. تۆڕی کارەبای ڤێنیزوێلا ساڵانێکی زۆرە بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان و سزاکانی ئەمریکاوە تووشی کێشەی جدی بووەتەوە و لە هەندێک ناوچەدا ڕۆژانە چەندین کاتژمێر کارەبا دەبڕێت.
دێلسی ڕۆدریگز، سەرۆک کۆماری کاتیی ڤێنیزوێلا سوپاسی ناردنی هاوکارییە مرۆییە بەرفراوانەکانی وڵاتانی جیاوازی کرد. ئەڵمانیا بە ناردنی نزیکەی ٥٠ کارمەندی فریاگوزاری بۆ کاراکاس لە پڕۆسەی یارمەتیدانی لێقەوماواندا بەشداریی کردووە. ئەمریکاش هاوکاریی بۆ ڤێنیزوێلا ناردووە و بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی تڕەمپ، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا پاکێجێکی هاوکاریی دارایی بە بڕی چەند سەد ملیۆن دۆلار بۆ ڤێنیزوێلا تەرخان بکرێت.
ڕێکخراوی زەویناسیی ئەمریکا مەزەندەی کردووە ژمارەی قوربانیانی دوو بوومەلەرزەکە لە ١٠ هەزار کەس تێپەڕێت. ئەگەر ئەم ژمارەیە ڕاست بێت، ئەم ڕووداوە وەک یەکێک لە کوشندەترین بوومەلەرزەکانی ئەمریکای لاتین لە سەدەی ڕابردوودا تۆمار دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت کەڕنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت

یاسین

له‌سه‌ر مامەڵەكردن بە سیم کارتی بێسەرەتا، دەیان دووکان داخران و خاوەنەکانیان سزادران

سەڵاح

پرێمەرلیگ.. مانسیتی بە سەرکردایەتی هالاند سەرکەوتنی بەدەستهێنا

یاسین