بەخشینی مەدالیای پاپایی فاتیكان بە سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕێزلێنانێکی باڵایە و بەهایەکی مەعنەوی گەورەی هەیە، نەک تەنیا بۆ خودی کەسایەتی بارزانی، بەڵکو وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی کەسایەتییەکی سیاسی دیار کە ناوی بە ئاشتی وپێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە فرەیی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکەدا بەستراوەتەوە، ئەم مەدالیایە کە بە (مەدالیای پاپا پیۆسی نۆیەم) دەناسرێت، بەرزترین مەدالیای فروسیهتی پاپاییە کە تا ئێستاش دەبەخشرێت، و دەکرێت وەک بەرزترین ڕێزلێنانی ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان لە کەسایەتی ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی وەک کەسایەتییەکی جیهانیی دیار سەیر بکرێت.
بەپێی ئەوەی ڕاگەیەندراوە، ئەم ڕێزلێنانە لەسەر داوای کاردیناڵ لویس ڕوفائیل ساکۆ، پاتریارکی پێشووی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی لە عێراق و جیهان هاتووە، وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی مەسعود بارزانی لە بەهێزکردن و چەسپاندنی پێکەوەژیان و پاراستنی مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی تر، ئەمهش گرنگییەکی تایبەت دەبەخشێتە مەدالیاکە، چونکە لە گهورهترین دامەزراوەیەکی ئایینیی جیهانییەوە دەردەچێت کە تەماشای ئاشتی وپێکەوەژیان و پاراستنی مرۆڤ بەتایبەتی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان وەک بەهای بنەڕەتی دەکات کە دەبێت کۆمەڵگای نێودهولهتی لەسەری بنیاد بنێن.
بەهای ئەم ڕێزلێنانە تەنیا لە خۆدی مەدالیاکەدا نییە، بەڵکو لەو پەیامە مەعنەوییەیە کە هەڵیگرتووە، و ددانپێدانانە بە ڕۆڵی کەسایەتییەکی سیاسی لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و پێکەوەژیان و پاراستنی فەزایەکی ئارام بۆ فرەیی ئایینی و نەتەوەیی لە ناوچەیەکدا کە مێژوویەکی درێژی لە جەنگ و تیرۆر و دابەشبوون هەبووە.
ڤاتیکان دامەزراوەیەکی ئایینیی جیهانییە و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سەرجەم وڵاتاندا هەیە، کاتێک مەدالیایەکی باڵا دەبەخشێتە کەسایەتییەکی سیاسی دیاركراو، ئەمە پەیامێکی ڕێزلێنانی ئاشکرا و گشتییە، چونکە مەسعود بارزانی کەسایەتییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییە سیاسییە کوردی و عێراقییەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا، دەستنیشانکردنی بۆ ئەم ڕێزلێنانە بە کردەیی واتە ڤاتیکان ئەو ڕۆڵەی بارزانی گێڕاویەتی وەک بەهایەک دەبینێت کە شایستەی ددانپێدانانی نێودەوڵەتییە.
هەروەها بەخشینی ئەم مەدالیایە بە کەسایەتییەکی کوردی عێراقی لەم ئاستەدا، دلالەتێکی بەرفراوانتری هەیە، ڕەنگدانەوەی پێزانینێکە بۆ ئەو ڕۆڵەی سەرکردە سیاسییەکان دەتوانن لە چەسپاندنی ڕۆشنبیری پێکەوەژیاندا بیگێڕن، و تەئکید دەکاتەوە کە پاراستنی فرەیی تەنیا پرسیارێکی ناوخۆیی یاخود نیشتمانی نییە، بەڵکو بەهایەکی مرۆڤایەتییە کە جێی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پیرۆزگەی نێردراوانە (الکرسی الرسولی).
ئەزموونی پاراستنی فرەیی ئایینی لە عێراقدا دەبێت بە کردار بپێورێت نەک تەنیا بە دروشمی دەستووری، ئەمەش بەو مانایە ناێت کە ڤاتیکان هەولێر بەسەر بەغدا هەڵدەبژێرێت، بەڵکو واتە ڤاتیکان دەیوێت تەواوی دەوڵەتی عێراق توانا و جێبەجێکردنی ئەو ژینگەیەی هەبێت کە زۆربەی مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی تر لە کاتی قەیرانەکاندا لە هەرێمی کوردستاندا دۆزییانەوە.
ڕێزلێنانەکە لە کاتێکدا دەردەچێت کە مەسیحییەکان لە عێراقدا بەدەست کێشەیەکی زۆر گەورەترن، نهك تهنها لە پاراستنی ئاسایشەوە دەناڵێنن، کێشەکانیان لە بوونی سیاسی و دیموگرافی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و دەستەبەرکردنی زەوی و مافەکانیاندا کورت دەبێتەوە، بۆیە دەکرێت ئەم ڕێزلێنانە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنرێت بۆ دووبارە ورووژاندنەوەی پرسیارێکی بنەڕەتی و بڵێین: ئەگەر جیهان ڕێز لەكهسایهتیهك بگرێت کە پێکهاتەکان دەپارێزن، ئایا عێراق بەڕاستی ئامادەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک کە پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکاتە مافێکی دەستووری و دامەزراوەیی؟
هەروەها گرنگە ئەم ڕێزلێنانە وەک هەڵوێستێکی حزبی یان لایەنگرییەکی سیاسی لیكنهدرێت، مەدالیاکە لە واتا ئاشکراکەیدا بە بەهاکانی ئاشتی، پێکەوەژیان و پاراستنی مرۆڤەوە بەستراوەتەوە، نەک بە پشتگیریکردنی پڕۆژەیەکی سیاسی یان حزبیی دیاریکراو، بەدوور لە جیاوازییە سیاسییەکان، ئەمە مافی سەرۆک مەسعود بارزانییە کە تێڕوانینی بۆ ئەم ڕێزلێنانە وەک شانازییەکی مەعنەوی گرنگ بێت لەسەر ئەو ڕۆڵەی لە مێژووی سیاسی خۆیدا لە پرسی ئاشتی، پێکەوەژیان و پاراستنی پێکهاتەکاندا گێڕاویەتی.
لە تێڕوانینی مندا، جوانیی ئەم ڕێزلێنانە لەوەدایە کە بەهای پێکەوەژیان دەخاتە ناوەندی بایەخەکانەوە، و بیرمان دێنێتەوە کە هێزی کۆمەڵگەکان تەنیا بە توانایان لە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکاندا ناپێورێت، بەڵکو بە توانایان لە پاراستنی فرەییەکەیان و ڕێزگرتن لە کەرامەتی تەواوی پێکهاتەکانیان دەپێورێت.
مەدالیای پاپا پیۆسی نۆیەم بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی تەنیا ئاهەنگێڕان نییە بۆ کەسایەتییەکی سیاسی، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ تەئکیدکردنەوە لەسەر بەهای ئاشتی و پێکەوەژیان، و لەسەر گرنگیی ئەو ڕۆڵەی سەرکردەکان دەتوانن لە پاراستن و چەسپاندنی ئەم بەهایانە بۆ نەوەکانی داهاتوو و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی جیاوازییە پەیوەندیدارەکان بیگێڕن.
ئەم مەدالیایە لە بەرزترین پلەدایە و بە شێوازێکی زۆر بەدەگمەن دەبەخشرێتە سەرۆکی دەوڵەتان، پاشاکان و کەسایەتییە باڵاکان، بەپێی بەدواداچوون و گەڕانم لە ئەرشیفی ڤاتیکاندا، لە دیارترین ئەو کەسایەتییانەی کە پلەیان لەم مەدالیایە وەرگرتووە:
– تشارلزی سێیەم، پاشای بەریتانیا.
– کارلی شانزەیەمی گۆستاف، پاشای سوید.
– ئەلبێرتی دووەم، پاشای بەلجیکا.
– خوان کارلۆسی یەکەم، پاشای ئیسپانیا.
– بومیبۆڵ ئادولیادیج، پاشای کۆچکردووی تایلەند.
– جاک شیراک، سەرۆکی پێشتری فەرەنسا.
– سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتالیا.
– مارسێلۆ ڕیبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پورتوگال.
– لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی دەوڵەتان و سەرۆک وەزیران و باڵیۆزەکان.
ئەمەش ئاشکرای دەکات کە مەدالیاکە ڕێزلێنانێکی کەنیسەیی ئاسایی نییە، بەڵکو مەدالیایەکی ئاستبەرز لە ڕووی دیپلۆماسی و سیادییەوەیە.
ضياء بطرس
سیاسەتمەداری سەربەخۆ
چالاکوانی مەدەنی لە بواری مافی مرۆڤ
٢١ی ئابی ٢٠٢٦

