لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی 21ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دەزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەرگرتنی ئەم نیشانە باڵایە، دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی مەسعود بارزانی وەک چەترێکی کۆکەرەوە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانییەکانی بارزانی وەک ڕابەر و مەرجەع، هەمیشە پاڵنەر بووە بۆ ئەوان تاوەکو بە گیانێکی مرۆڤدۆستانە و بەبێ جیاوازی، هاوکاری و پارێزگاری لە مافی هەموو پێکهاتەکان بکەن.
ئەم ڕێزلێنانەی ڤاتیکان بۆسەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای هێرشەکانی داعش، بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەزاران ئاوارەی مەسیحی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تر. ڤاتیکان پێشتریش چەندین جار ستایشی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە تێیدا پێکهاتەکان توانیویانە لە ناو جەرگەی ململانێ ناوچەییەکاندا ناسنامە و مافەکانیان بپارێزن.

