ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سیاسەتکردن لێهاتووی حزب و کەسایەتی کارێزما و بەهێزی دەوێت

رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

بێ گومان سیاسه‌تكردن به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین بنه‌ماكانی هه‌ر سیسته‌م وڵاتێك هه‌ژمار ده‌كرێت . چونكه‌ كاتێك به‌ سیاسه‌ت وئیداره‌دانێكی ئه‌رێنی و ژیرانه‌ ودروست وڵات و گه‌له‌كه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێت ، ئه‌وا ده‌توانرێت به‌ ئاشتی و سه‌قامگیری و ئارامی پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه‌ی بێته‌ ئاراوه‌ و به‌رژوه‌ندییه‌كان له‌ نێوان هێزولایه‌نه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ هاوسه‌نگ بكرێت و پێكه‌وه‌بژین و هه‌ر له‌ڕێی سیاسه‌تیشه‌وه‌ هه‌موو وڵاتان ده‌توان ڕێز له‌ پێگه‌ی خۆیان له‌ نێو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یان بگرن .
سیاسه‌ت زانستێكی گرنگی سه‌رده‌مانه‌یه‌، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری هه‌ر وڵاتێك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دروست ، ده‌توانێت كاروباری نیشتیمان به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازیاری و پلان درارێژراو ئیداره‌دانێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی بكات و به‌رێوه‌ببات .
بۆ هه‌رێمی كوردستانیش حزبی سیاسی و كارێزمای سیاسی كوردپه‌وه‌ر و نیشتیمانپه‌وه‌ر وپسپۆر و زانا بوونی هه‌یه‌ ، كه‌ له‌ نێو گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌یدا خاوه‌ن سه‌نگ و پێگه‌ و متمانه‌یه‌كی زۆره‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌كه‌ش حزب و كه‌سی به‌ناو سیاسی و نادڵسۆز و خۆپه‌رست و بێ ئه‌زموون بوونی هه‌یه‌ ، كه‌ نه‌ك هه‌ر هیچ ڕێزێكی له‌ نێو گه‌ل ونه‌ته‌وه‌كه‌یدا بوونی نییه‌ ، به‌ڵكو له‌لایه‌ن گه‌له‌كه‌شییه‌وه‌ سزانی قورسی به‌سه‌ر سه‌پێنراوه‌ ، بۆیه‌، باشتر وایه‌ هه‌ر حزب ولایه‌نێك توانای سیاسه‌تكردن و به‌كارهێنانی هونه‌ره‌كانی سیاسی نه‌بێت و به‌كاریان بێنێت ، یانیش خاوه‌ن رۆشنبیری سیاسی نه‌بێت ، ئه‌و ناكرێت بێته‌ نێو سیاسه‌ته‌وه‌ و كاربكات و خۆی به‌ كادیر یان سیاسی یان حزبی بزانێت ، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ببێته‌ ئاسته‌نگ و گرفت له‌ به‌رده‌م گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌یدا.
له‌ماوه‌ی رابردوو و ئێستاشدا چه‌ندین لایه‌ن و گروپی به‌ناو حزب و هه‌ڵگری دروشمی جۆراجۆر و گه‌وره‌ وبه‌ڵام هاوشێوه‌ی بازرگانێك ، به‌ڵام له‌ ڕووی سیاسی و ئاستی رۆشنبیری و خۆشه‌ویستی بۆ گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیان گه‌یاندۆته‌ قۆناغێك یانیش گه‌ێندراونه‌ته‌ قۆناغێك كه‌ هیچیان له‌ هه‌گبه‌دانییه‌ و پاشخانێكی به‌تاڵ و بێ زانیاری و نا رۆشنبیری و نا سیاسی یان هه‌یه‌ ، له‌كاتێكدا خۆی زۆر به‌ سیاسی ده‌زانێت به‌ڵام جگه‌ له‌ زیانگه‌یاندن به‌ به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی هیچ سوودێكی تری نییه‌ .
ئه‌م جۆره‌ كه‌س ولایه‌نانه‌ ، وه‌ك ڤایرۆس و نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ن به‌ جه‌سته‌ی نیشتیمانه‌وه‌ و هه‌میشه‌ هۆكار بوونه‌ بۆ نه‌هامه‌تی و دروستكردنی ئاسته‌نگ و ماڵوێران و هه‌روه‌ها بوونه‌ته‌ دارده‌ستی داگیركه‌ران و دوژمنانی كوردستانه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها هۆكاری ئه‌وه‌ش بوونه‌ هه‌ر كاتێك گه‌لی كورد له‌ لووتكه‌ و ئامانجه‌ گه‌وره‌كانی نزیك بێته‌وه‌ ئه‌و كوردوكوردستان تووشی قه‌یران و ئاڵنگاری گه‌وره‌ بكه‌نه‌وه‌ ، رووداو و كرده‌وه‌ و پێشهاته‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووش به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن ، ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ناو كوردی و كۆلكه‌ سیاسانه‌ هه‌موو كات زیانبه‌خش بوونه‌ و مه‌ترسی گه‌وره‌یان له‌ پێناو مه‌رامه‌ گڵاوه‌كانی خۆیان و نه‌یارانی كوردستان دروستكردووه‌ و هه‌میشه‌ هۆكار بوونه‌ تا گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌یان بێ هیوا و چه‌واشه‌ بكه‌ن ، چونكه‌ كاتێك حزب و سه‌ركرده‌كه‌ی نه‌زان بێت و نه‌زانێت سیاسه‌ت بكات ئه‌و كاته‌ دوژمنانی كوردستان به‌كاری دێنن و ده‌یكه‌نه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی.
له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌و كه‌س ولایه‌نه‌ سیاسییه‌ نه‌زانانه‌ هه‌ست ئاستێكی نزم و بێ توانایی خۆیان ده‌كه‌ن ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌ ڕق و كینه‌یوه‌ له‌گه‌ڵ حزبی سیاسی و سه‌كه‌وتوو و رۆشنبیر و كارێزما مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن ، هه‌روه‌ها خه‌سڵه‌تێكی تر كۆڵكه‌ سیاسییه‌كان ته‌نها خۆده‌رخستنه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌ به‌رده‌م خه‌ڵكانێك و له‌ به‌رده‌م مایكی ته‌له‌فیزیۆنه‌كاندا ، به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌مڕۆ گوێراڵ و ئاستی هوشیاری به‌رزه‌ و باش ده‌زانێت چه‌نده‌ قسه‌ی نابه‌جێ و بێ كه‌لك ده‌كه‌ن ، زۆرێك له‌و جۆره‌ سیاسییه‌ كالفامانه‌ ، خۆشیا باش ده‌زانن كه‌ سیاسی نین ، به‌ڵام ته‌نها به‌دوای حه‌ز و به‌رژوه‌ندییه‌كان و پۆست و ده‌سه‌ڵات كه‌وتوون باوه‌ریان به‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كان نییه‌ ، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر جگه‌ له‌ كورسی و پوست ئه‌وه‌یه‌ ، له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان و ده‌ستكه‌وتی مادی چاویان بڕیوه‌ته‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌ پشت كوسییه‌وه‌ به‌ده‌ستی دێنن له‌ ڕێگه‌ی رازیكردنی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و دژه‌ كوردوكوردستانه‌وه‌ .
بۆیه‌، ناكرێت و ئه‌و خاك و ده‌ستكه‌وتانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه‌ به‌ خوێن و فرمێسك و ئاره‌قه‌ی هه‌زاران كوردی ئه‌نفاڵكرا و كیمیابارانكراو و پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدانی كوردستان له‌ دوێنی وئه‌مڕۆیش و به‌رهه‌می كاوڵكردنی 4500 گوند و لادێی كوردستان له‌ لایه‌ن ڕژێمه‌كانی عێراقه‌وه‌یه‌ ، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ كالفام و كۆڵكه‌ سیاسییه‌كان به‌ فیته‌یه‌كی دوژمنان و داگیركه‌ران و له‌ پێناو ده‌ستكه‌وتێكی مادی و به‌ڵێنی نه‌یارانه‌وه‌ به‌ ئاسانی نیوه‌ی خاكی كوردستانیان راده‌ست كرد ، چونكه‌ ئه‌و نه‌زانه‌ به‌ ناوسیاسیانه‌ هه‌رگیز ناتوانن جێگه‌ی متمانه‌ی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌یان بن و هه‌رگیزیش ئاور له‌ رابردوو و هه‌ڵه‌ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌كانیان وشكسته‌كانی رابردووی خۆیان وه‌رناگرن . بۆیه‌، به‌رده‌وام مێژوو چه‌ند باره‌ ده‌بێته‌وه‌ و دوژمنان ئه‌و لاوازی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ناسیاسیانه‌یان به‌ ده‌رفه‌ت زانییووه‌ و فێڵیان لێ ده‌كه‌ن ، له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ بیروناخی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ خاك وگه‌ل سراوه‌ته‌وه‌ و هیچ بایه‌خی نییه‌ .. هه‌موو جارێكیش گه‌لی كوردستان باجی قورسی ئه‌و سیاسییه‌ كۆلكانه‌ی داوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وان هه‌رگیز باكیان نه‌بووه‌ و له‌ ئه‌ركه‌ به‌رپرسیاریه‌تی و نیشتیمانییه‌كان خۆیان شاردۆته‌وه‌ و سه‌دان قه‌یران و كێشه‌یان خوڵقاندووه‌ و كوردستانیان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره‌ كردۆته‌وه‌ ،به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا كێشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌ ، چاوه‌روانی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان پێ بكات و یانیش بێن ده‌سه‌ڵات و كورسی بگرنه‌ ده‌ست ، به‌ڵام ئه‌مرۆ خه‌ڵكی كوردستان باش ده‌زانن كه‌ متمانه‌یان به‌ چ حزب ولایه‌نێك هه‌یه‌ و كێ ده‌توانێت پارێزه‌ری خاك و مافه‌ره‌واكانیان و دۆز و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت .

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێبه‌رێكی حه‌كیم و هه‌وێنی ئاشتی و سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

سەڵاح

هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی و چه‌ند سه‌رنجێك

یاسین

لە دەستوری عێڕاقدا، دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لە سەرووی دەسەڵاتی دادگای فیدرالین

دڵشاد