رێبوار حەمەلاو شوانى
دەیان ساڵە هەر دواى بە زۆر لکاندنى کوردوکوردستان بە دەوڵەتێکى دەستکردى دروستکراو بۆ بەرژوەندى بریتانیا و فەرەنسا ، لەگەڵ یەک دەسەڵاتى شاهانەى هاوردەکراو بەناوى شا فەیسەڵ و گڕتنەدەستى حکوومڕانى ، هێرش و پەڵاماردان ودژایەتیکردنى کوردوکوردستان بە ئێستاى حکوومڕانى مەزهەبى عەرەبى شیعەوە وەک میراتێکى قێزەوەن و ستەمکارانە درێژەى هەیە و هەمووشیان بۆ یەک مەرام و یەک زێهنیەت بووە ئەویش بە رەعیەتکردن یانیش سڕینەوەى کوردوکوردستان لە سەر زێد وخاک و نەخشەکە ، هەر بۆیە ، هەر چى چەک و تاوانکارى و گەلەکۆمەکى و پیلانگێرى وخیانەتکارى نەما بەکارنەهێنن .
ئەوەتا ئەو ڕژێمەى ئێستا کە دوێنى خۆى بە ستەملێکراوە دەستى ڕژێمى بەعسى ڕووخاو دەزانى و زۆرێک لە سەرکردەکانیان لە نێو باوەشى کوردستاندا ئاو و نانى گەلى کوردیان دەخوارد و خۆیان بە خەباتگێر دژى ستەمکارى دەبینى ، هەر کە شوێن پێیان بەهێزکرد و گەیشتنە سەر کورسى دەسەڵات ، رابردوویان لە بیرکرد ، خراپتر لە ڕژێمەکانى پێش خۆیان دژایەتیکردنیان بە زێهنیەتێکى فاشیزمى و خۆپەرستى بە هەر چى چەکى بەردەستیان بەتایبەت کارى بڕینى قووت و قەیران دروستکردن کەوتنە پەڵامارى دانى خەڵکى کوردستان و ئەزموونەکەى ، نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە ئەم قەوارە و حکوومرانى لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراقەوە وەک خێرا بۆمان دروست نەکراوە و بە دیارى پێشکەمان نەکراوە ، بەڵکو لە ئەنام قوربانیدان وخەباتى دەیان ساڵەیە ، بەڵام لە پاش رووخانى ڕژێمى بەعس ولە نێو دەستوورى هەمیشەیی عێراق بە ئومێدى ئەوەى کە باقى مافەرەواکانى بە ڕێگەى هاوبەشى و قرەیی و فیدڕاڵى و دیموکراسى بەدەست بێنیتەوە ، لەگەڵ ئەوەى کە هەوڵەکانى سەرکردایەتی سیاسى کورد ، بەتایبەتى سەرۆک بارزانى لە پێناو دروسکردنى عێراقێکى دیموکراسى بووە بە ئێستاشەوە ، تا هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایننزاکان بە مافەرەواکانیان بگەن ، بەڵام بینیمان کە چۆن بە ئاگر و ئاسن و گەمارۆدان و پەڵاماردانى هەرێمى کوردستان لە 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 وەڵامیی داوا رەواکانى گەلى کوردیان دایەوە ، هەڵبەتە ئەوەش شکست و پیلان و خیانەتێکى گەورەى دەسەڵاتدارانى عێراق بوو بەرامبەر بە کوردستان .
ماوەى زیاتر لە 10 ساڵە عێراق بە بەرنامە و پیلان و نەخشەیەکى پێشتر دارێژراو و هەندێک جاریش لە سەپێنراو لە دەرەوەى سنوورەکانى عێراق هەوڵى شکاندنى ئیرادەى گەلى کورد دەدات و بە توندترین شێوە دژایەتى و فشار لە سەر خەڵکى کوردستان و ئەزموونى هەرێمى کوردستان دەکات ، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانى عێراق لە بەغدا هیچ پاساوێکیان نەماوە ، چونکە حکوومەتى کوردستان هەموو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانى و پابەندییەکانى لە رووى دەستوور و ڕێککەوتننامەکان بە جێگەیاندووە ، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانى بەغدا تا ئێستا 55 مادەى دەستوورى کە لە بەرژوەندى هەرێمى کوردستان جێبەجێ نەکردووە و لە گەڵ کەمکردنەوەى ڕێژەى بەشە بودجەى کوردستان لە 17%دا بۆ 12% دا ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا بابەتى مووچەیان کردۆتە چەکێک بۆ ئەوەى ویستە ستەمکارییەکانیان بە گەلى کورددا بسەپێنن ، خەونى ئەوە دەبینن کە بەم شێوەیە ئیرادەمان بشکێنن ، شاندى کوردستان بە دەیان جار سەردانى بەغدایان کردووە ، بەڵام جارێ نەگەراونەتەوە هەولێرى پایتەخت ئەو لە بەڵێن و ڕێککەوتن و قسەکانیان پاشگەز بوونەتەوە .
بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێن کە ، دەسەڵاتدارانى عێراق لەماوەى چەند ساڵى رابردوو ، هەموو ڕێگە سیاسى وسەربازى و ئابوورییەکانیان بۆ لێدانى سەنگ و پێگەى پارتى و کوردستان کە ئامانجى سەرەکیی نەیارانە تاقێکردەوە ، باشیش ئەو راستییە دەزانن کە ئەوەى سازش لە سەر بچووکترین ماف و سەروەرییەکانى ئەم گەل و نیشتیمانە ناکات تەنها سەرۆک بارزانى و پارتییە ، مێژوویش گەواهیدەرە ئەگەر هەوڵ و تێکۆشان و بەرگریکردنەکان و هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانى حکوومەتى کوردستان نەبووایە ، پرسێک بەناوى دۆز و قەوارەى هەرێمى کوردستان بوونى دەبوو ، ئەوەش شاراوە نییە کە هەندێک حزب و لایەن لە ناوخۆى کوردستان چۆن ڕێگەخۆشکەر و ڕێنیشاندەرى بەرلەشکرى دوژمنانى ئەم گەل و نیشتیمانەن و بەڵام ئیرادە و خۆراگرى گەلى کورد زۆرى بەهێزترە لە پیلانگێرى نەیاران و بەکرێگیراوەکانیان و سەرکەوتن بۆ کوردستانە .