ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بۆ پارتی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکات؟

نووسینی: هاوار محەمەد یوسف

پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی دیموکراتی نیشتیمانی جەماوەریە، بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەورەری کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی، کولتوری، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئازادیەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کوردو گەلی کوردستان هەیە.
لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی کوردستان و کشاندنەوەی دەسەڵاتی ئیداری دامەزراوەکانی حکومەتی عێڕاق، سەرۆک بارزانی بۆ یەکەمینجار لە ٢٢/٣/١٩٩١ لە وتارێکی مێژووییدا، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێم کرد، لە پێناو پڕکردنەوەی بۆشایی ئیداری، دامەزراندنی دامەزراوەی تەشریعی و سیستەمێکی حوکمڕانی لە سەر بنەمای دیموکراسی ، دادپەروەری و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
دوابەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێڕاقیش لە ساڵی ٢٠٠٣، پارتی بەشداری کارای هەبوە لە پڕۆسەی سیاسی و لە هەر پێنج خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێڕاقیش لە رێزی هەرە پێشەوەی قەوارە سیاسیە گەورەو خودان پێگە دیارەکانی عێڕاق و کوردستان و تەنانەت ناوچەکەش.
لە عێڕاقی دوای رژێمی پێشوو، چەندین کێشەو گرفتی قوڵی مەزهەبی و ئیتنی جۆراوجۆر بونیان هەیە و لە دۆخی جیاجیادا ئەم کێشەو گرفتانە چەندین جار گەیشتونەتە ترۆپک و تەنانەت چەندینجار لەسەر ناوێک کە گوزارشت لە ئایینزایەکی دیاریکراودەکات سەدان کەس تیرۆرکراون یان شوێنبزر، لەم دۆخە ئاڵۆزانەدا، سەرۆک بارزانی چەندینجار بووتە فریادڕەسی رزگار کردنی عێڕاق و ئەگەر ئەم هەوڵانە نەبان، سەرکردە عێڕاقیەکان نەیاندەتوانی حکومەت پێکبهێنن و پەرتەوازەیی نێوانیان بە شێوەیەک فراوان دەبوون، رەنگدانەوەی بەسەر وجودی قەوارەی دەوڵەتی عێڕاقیش دەبوو.
ئێستا، کە دەستوەردانی نێودەوڵەتی و مەزهەبی تەواوی جومگەکانی دەوڵەتی عێڕاقی بە شێوەیەک گرتۆتەوە کە تەنانەت ناکرێت بەڕێوەبەری ناحیەیەک بە بێ رەزامەندی و لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ئەم وڵاتانە دەستنیشانبکرێت، ئەو زۆنە جوگرافیایەی لەم چوارچێوەیە بەدەرە و هەژموونی وڵاتانی دراوسێی لە سەر نیە، هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکن، بۆیەش فشاری زۆر دەکرێتە سەر ئەم دوو پارێزگایەو پارتیش کە حزبی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئاشکرایە پارتی هەمیشە جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردۆتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکی پارتیشە تا ئێستا (٤) مەرسومی دەرکردوە تیایدا (٤) وادەی جیاوازی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەستنیشانکردوە، کە بریتی بوون لە ١/١٠/٢٠٢٢، ١٨/١١/٢٥،٢٠٢٣/٢/٢٠٢٤و ١٠/٦/٢٠٢٤، بەڵام ئەو لایەنەی لە ماوەی (٣) ساڵی رابردودا بە هۆکاری ترس لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بیانووی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەگرت و لە چەندین لێدواندا رایگەیاند ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەین و رێگاش نادەین سندوقی دەنگدان لەولای دێگەڵەوە دابندرێت، لە کاتێکدا پارتی لە میانەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی کوردستان لە گەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێڕاقدا، بە تەواوی ئەو داواکاری و خواستانەی لایەنە سیاسیەکان هەیان بوو بۆ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن رازی بوو.
لە ٢١/٢/٢٠٢٤، دادگای فیدرالی عێڕاق سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی کوردستان بڕیارێکی سیاسی دەرکردوە، لەم بڕیارەدا بە شێوەیەک دەستکاری یاسای هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردوە کە خۆی بە جێگرەوەی پەرلەمانی کوردستان ودامەزاروەی یاسا دانان و ئیرادەی خەڵکی کوردستان داناوە.
تێبینیەکانی پارتی لە سەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چین؟
١-پێویستە ئەو سیستەمە سەپێندراوەی لە چوارچێوەی بڕیارە سیاسیەکەی دادگای فیدرالیدا سەپێنداروە، بە بڕیارێکی کوردستانیانەی نیشتیمانیانە پەسەند بکرێت و ئەجیندا و دەستوەردانی دەرەکی تیادا دوور بخرێتەوە.
٢-لە بڕیارەکەی دادگای فیدرالی (١١) کورسی کۆتای پێکهاتەکان رەتکراوەتەوە، کە پێشتر لە پێناو گرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکان بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیان لە پەرلەمانی کوردستان و زامنکردنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی، بە بڕیارێکی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و یاسایەکی نیشتیمانیانە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە، ئەوە لە کاتێکدا کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکا نی عێڕاق بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی(بەغدا، نەینەوا، هەولێر، دهۆک واست) دابینکراوەو بۆ کورسی کۆتای مەسیحیەکانیش تەواوی عێڕاق یەک بازنەی نیشتیمانیەوە دەتواندرێت لە تەواوی عێڕاقدا دەنگی پێبدرێت.
٣-لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مافی تانە گرتن و راگەیاندنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، کەچی دادگای فیدرالی ئەم مافەی لە هەرێمی کوردستان وەرگرتۆتەوەو داویەتی ب ەئەنجومەنی دادوەری عێڕاق، کە ئەمەش سەرثێچیەکی ئاشکرای ماددەکانی (١١٥ ، ١٢١) ی دەستوری بەرکاری عێڕاقە.
٤-دادگای فیدرالی لە میانەی بڕیارەکەدا ئەوەی سەپاندووە کە دەبێت هەرێمی کوردستان دابەشی سەر(٤) بازنەی هەڵبژاردن بکرێت، لە کاتێکدا ئەم بابەتە ناکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەم دادگایە وەک لە مادەی (٩٣) ی دەستوری عێڕاقدا دەسەڵاتەکانی دەستنیشانکراون، بەڵکو تەنها لە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستانە چونکە هیچ پێشێلکاریەکی دەستوری لەم خاڵەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیەو تەنانەت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقیش لە(٥) خولی رابردودا بە یەک بازنە، (١٨) بازنەو(٨٢) بازنەش بەڕێوەچوە.
٥-بەپێێ رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵىژاردنەکانی عێڕاق، (٤٠١،٠٠٠)(چوارسەدو یەک هەزار) دەنگدەری هەرێم لە سەر ئاستی هەرچوار پارێزگا بە بیانووی نەخوێندنەوەی پەنجە مۆریان بێبەشکراون لە مافی دەنگدان، کە نزیکەی (٪٦٠) یان دەنگدەری پارتی دیموکراتی کوردستانن.
٦-لە ماوەی رابردودا ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان تەواوی دۆسیەی نەوتی تەسلیم بەبەغدا کردوە، لە پێناو دابینکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، کەچی هەر ماوەیەک بە هۆکاری جیاواز ناردنی بڕە پارەی مووچە دوادەخەن بۆ ئەوەی وەک فشار دژی پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەکاربهێنن ئەویش بیانووی ناروونی لیستی مووچە، لە کاتێکدا ئاشکرایە کە بودجەو مووچەی حەشدی شەعبی زیاترە لە (٪١١) کۆی بودجەی عێڕاق، نە وەزارەتی دارایی و نە دەستەی دەستپاکی و نەچاودێری دارایی و نە وەزارەتی دارایی عێڕاق دەزانن پارەکە چۆن خەرج دەکرێت، دەدرێت بە کێ؟ بەڵکو بەشێکی پارەکەش دەچێتە خزمەت بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ لە دژی عێراق بەکاردێتەوە.
٧-ئەو ئامێرانەی لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگداندا بە کاردێن بە شێوازی ئەلکترۆنی کاردەکەن، دەکرێت بە ئاسانی پڕۆگرام بکرێن و کورسیەکان بەو شێوەیە دابەش بکەن کە پێشتر بەرمەجەکراون، بۆیە پێویستە دڵنیایی تەواو بدرێت لەم روەوە،بە تایبەت کە لە ئێستادا سەرۆکی کۆمسیۆن سەر بە یەکێتی نیشتیمانیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

“شیکاریی تەحەددیاتی سیاسی و ئابووری ئەمنی و چارەسەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: خالی تەرکیز هەرێمی کوردستان”

دڵشاد

عیڕاق هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بێگانە دەزانێت

یاسین

ڕێبه‌رێكی حه‌كیم و هه‌وێنی ئاشتی و سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

سەڵاح