رێبوار حەمەلاو شوانى
رۆژ بە رۆژ فشار و پیلانگێرییەکانى عێراق دژى کوردستان چڕتر و قورستر دەبێت و ستەمکارییەکانى دەسەڵاتدارانى بێ باکى بەغدا دژى گەلى کوردستان گەیشتۆتە لووتکە بە تایبەتى لە پرسى ماف و شایستەدارییەکانى وەک چەکێک و سیاسەتێکى کۆمەڵکوژى دیکە لە سەردەمێکى جیاوازدا بۆ شکاندنى شکۆ و ئیرادەى گەلێک بەخوێن و ڕۆحى ئەم دەستکەوتانە و ئازادى و پارێزگارى لە کەرامەت و شکۆى نەتەوە و نیشتیمانەکەى کردووە
بەگەڕانەوە بۆ مێژووى دوێنى و ئەمڕۆ بۆمان دردەکەوێت هەرکاتێک گەلى کورد تەبا و یەکدەنگ بێت و پێکەوە و یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بوو بێت بەرانبەر دوژمنان و نەیارانى ، ئەوا بە سەرکەوتووانەى ڕووبەڕووى بووەتەوە و پارێزگارى لە ماف و شوناس و دەستکەوتەکانى کردووەو بۆ قۆناغى ئێستاى گۆرانکارى و پێشهاتەکان زۆر گرنگە یەک دەنگ و یەک گووتار بین .
بەتایبەتى ئێستا دەسەڵاتدارانى عێراق پیلانگێرى قرێژ دژى قەوارەى کوردستان و دەستکەوتەکانى گەلى کورد دەبیینن ، بۆیە ، هەمیشە یەکبوونى کورد بەرامبەر ناحەزانى کوردستان زۆر گرنگ و بەهێزترین چەک و دەستکەوتن و سەرکەوتنى مەزنیش بەدەستهاتووە ، چونکە تەبایی کورد هەموو کات کلیلى سەرکەوتن بووە و لەوڕێگەوە بەخێرایی بە ئامانجەکانى گەیشتووە و دەستکەوتى گەورەترى بەدەستهێناوە .
زۆر گرنگە گەلى کورد بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانى عێراق تەبا و یەکڕێز بێت ، چونکە ستەمکارییەکانى بەغدا و لە هەموو ڕوویەکەوە گەیشتووتە لووتکە و هێڵە سوورەکانى بەزاندووە ، لەلایەک هێرشى مووشەکى و درۆنى و لەلایەکى ترەوە بەکارهێنانى موورتەزەقەى ناوخۆیی بەناوى ئۆپۆزسیۆن و هەروەها گەمارۆکانى لە رووى دارایی و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنى نەوتى کوردستان مەرامى خراپى عێراقى پیشان دا . ئێستا باشترین دەرفەتى هێزولایەنە کوردستانییەکان و بریارە گرنگەکانە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان ، لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتمان یەک دەنگ ویەک گووتار بن ، بەتایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی ، یەکهەڵوێستى بەرامبەر عێراق و بەرگریکردن لە مافەکانى خەڵکى کوردستان ، چونکە ئەوەى عێراق دەیکات تەنها دژى حزب ولایەنێک نییە ، بەڵکو دژى هەموو کوردستان و مێژوو و دەستکەوتەکانێتى.
ئیتر کاتى ئەوە هاتووە پشت بە هێزوئیرادەى گەلى کوردستان و تەبایی حزب و لایەنەکان و خۆمان ببەستین ، بەخێرایی کار بۆ تەبایی و پێکهێنانى کابینەى دەیەم و کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان بکەینەوە ، چونکە عێراق مەرامى بەرامبەر بە قەوارەى هەرێم و پەرلەمان و دامەزراوەکانى دیکەى کوردستان خراپە و خەونى نەزۆکى پێوە دەبینێت .
بۆیە، کاتێک هەرێمى کوردستان یەکگووتار بێت ، ئەوا دەتوانێت بەهێزترین چەک و کارتى فشار دروست بکات دژى عێراق و بەرگرى لە ماف و شایستە دەستوورییەکانى بکات ، بەدڵنییاییەوە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پارتى ویەکێتى بە سەرپەرشتى سەرۆک مسعود بارزانى لە پێناو یەکهەڵوێستى گەلى کورد ، ئەوا بەدڵنییاییەوە دەستکەوتى زیاتر و سەنگ و پێگەى کوردستانى بەهێزتر کردووە و لە هەمووکاتێکدا تەبایی و پێکەوەیی لە بەرژوەندیی کوردوکوردستان بووە ، بەتایبەتى لە دۆخێکى هەستیارى ئێستا کە بەسەرى ناوچەکەدا گوزەر دەکات ، یەکریزى کلیلى سەرکەوتنى گەورەیە بۆ ئێستا وداهاتووى کوردستان .

