بەهرە محەمەد
لە مانگى نیسانى ساڵى 2023 كۆمپانیای
“توركیش ئێرلاینز” گەشتەكانی لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە راگرت و دواتريش چهند جارێك توركیا بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتهكهی بهڕوی گهشتهكانی فڕۆكهخانهی سلێمانی درێژکردەوە. هەفتەى رابردووش بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، گوتى “تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو مانگى یەکى ساڵى 2026 درێژکردەوە.”
دواى سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ تورکیاو کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک کۆمارى تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان، ئەندامێکى شاندی هەرێم بۆ توركیا كە یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لە لێدوانێكدا گوتى، “لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی و بەفەرمانی سەرۆكى تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان، گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن توركیاوە هەڵگیرا”. بێگومان ئەو هەواڵە بووە مایەى خۆشحاڵى هەموو هاوڵاتیانى هەرێم بە تایبەت هاوڵاتیانى ئازیزى سلێمانى.
بەڵام دیارە راگەیاندن و چواشەکارى و بەلاڕێدا بردنى راستییەکان بەردەوامە.هەندێ دەزگاى راگەیاندن هەرزوو دەستیان بە دەهۆڵ کوتین کرد گوایە سەرۆک لایەنێکى سیاسى بەم کارە هەڵساوە. لەگەڵ رێز بۆ هەموو هەولێک بەلام ئەو دەزگایانەو ئەوانەى لە پشتیشیانن دەزانن کە لەسەر داواى جەنابى سەرۆکى هەرێم گەماڕۆى سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى هەڵگیرا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی هەر زوو گوتى، بەداکۆکیکردن و داواکاریی مکوڕانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە خرایەوە بەر باس و بەسوپاسەوە بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاری لابردنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا.
لێرەوە دەمەوێ بڵێم، دەتوانیت بۆ ماوەیەکی کەم خەڵکێکى زۆر هەڵخەڵەتێنی، دەشتوانى ماوەیەکی زۆر خەڵکێکى کەم هەڵخەڵەتێنی ، بەڵام هەرگیز ناتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر خەڵکێکى زۆر هەڵخەڵەتێنی. چەند دەزگایەکى راگەیاندن و حزب و لایەنێک ویستیان خۆیان بکەن بە پاڵەوان لە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی سلێمانی و تورکیا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتى سلێمانی …. بەڵام جێگای خۆشحاڵیە هەموو شت ڕوون و ئاشکرا دەرکەوت کە تەنها سەرکردەیەکی وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ئەمە بکات، ئەوەش لە ڕێگەی پەیوەندی و دیپلۆماسییەتە سەرکەوتووەکەى دەتوانێ کارى لەم جۆرە بکات.
پەندى کوردى دەڵێ “ بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت” کار و خزمەتی باش ون نابێت و لەکۆتاییدا پاڵەوان و خاوەن کارێزما ئەوە نیە کە تەنها قسە دەکات، بەڵکو ئەوەیە کە لەگەل قسەکردن و پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەرئەنجامی هەبێت، بۆ ئەم ئەرکە هەستیار و وردانەش تەنها دەبێت سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بێت.

