بەهرە محەمەد
هیچ کات وەک ئێستا کورد پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەبووە ، کورد لەبەردەم عێڕاقێکی بەرەو ناوەند دایە ، ئەگەر یەکگرتوو یەکهەڵوێست نەبێت ئەستەمە بتوانێت خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی بەدی بێنێت .
بەداخەوە ئەوەی دەیبینین لە هەڵوێستی پارتەسیاسیەکانی کوردستان زیاتر بە ئاراستەی کارکردنە بەرەو تاکلایەنە ، هەر پارت و هێزێکی سیاسی بەجیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان ، ئەمەش نە لەبەرژەوەندی کوردە و نە لەبەرژەوەندی خواستی خەڵکی کوردستانە ،
لە ڕابردوو ئەوە سەلمێنراوە کە کورد ئەوکاتانەی یەک دەنگ بووە و وەفدی دانوستاندنی هاوبەش بووە زیاتر سەرکەوتووە بووە لە بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی و هەرێمی لەبەرامبەر عێراقدا ، پێویستە هەر هێزێک کە بەتەنیاش دەچێت بۆ گفتوگۆ ئامانج و ئەجێندای خۆی هەبێت و بەرژەوەندی هەرێم و نەتەوەکەی سەرووی بەرژەوەندی حزبی بێت ،
پارتی دیموکراتی کوردستان کە وەفدی دانوستاندنی ڕەوانەی بەغدا کردوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بەلای ئەو پارتە کێشەی نەتەوەیی و مافی کورد و پرۆژەی خاک سەروی بەرژەوەندیەکانەوەیە ، بۆیە دەبێت جەماوەری کوردستان لەوە دڵنیابکرێتەوە کە وەفدێک دەچێتە دانوستاندن بەرنامەو ئامانجی چیە و چ دەستکەوتێکی بۆ کورد مسۆگەر کردووە ،
نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیوای خواست (دەبێت هەموومان بە پاسێک بچینە بەغدا) مەبەستی بەڕێزیان زیاتر بریتی بوو لە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کورد لەبەرامبەر هێزە عێراقیەکان کە پێکهێنەری حکومەتی داهاتوون ،
بە بروای من کورد دەبێت یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بێت چونکە قۆناغەکە لە ئێستادا پێویستی بە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیە بۆ بنیادنانی داهاتوو ، هەرهێزێکیش وا بیر بکاتەوە لەدژی لایەنێکی تر بەتەنیا بچێت بۆ گفتوگۆکردن و تەنازولکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان ، بێگومان هەم خۆی زەرەرمەندی یەکەمە و هەمیش خەڵکی کورد باجی ئەم پەرتەوازەییە دەدات ،
پارتی لە ڕابردوو وەک حیزب باجی زۆری داوە تا بتوانێت داواکاری گەلی کورد لەحکومەت بێنێتە دی بەڵام ئەم ئەرکە گەورەیە ئەگەر بێت و هێزی تری کوردی لەگەڵ دابێت دڵنیام زیاتر دەتوانرێت دەستکەوتی زیاتری هەبێت ،
کورد خاوەن کەسایەتی گەورەی سیاسین کە لە دیبلۆماسی و گفتوگۆدا بتوانن سەرکەوتووبن لە بەرامبەر هێزەکانی تری دانوستاندن ،و کارتی زۆریشی هەیە لە داهاتوودا بتوانێت بەکاری بهێنێت ، لە ئێستاشدا حکومەتی عێراق و هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەت زیاتر لە جاران پێویستیان بەپاڵپشتی کورد هەیە بۆ داهاتووی عێراق
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوهێزەیە کە زیاتر لەهەموو هێزەکانی تر گرنگە بوونی هەبێت لە عێراقى داهاتوو چ لە ناوخۆی عێراق و چ لەسەرئاستی هەرێمی کوردستان ، چونکە بوونی پارتی بوونی پارێزەری مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کوردە.
نێچیرڤان بارزانی وەک کاراکتەرێکی سیاسی و خاوەن پێگە و سەرکردەی ڕۆژە سەختەکان و ڕزگارکەری کوردستان چەندین جار پەیامی ڕاستەوخۆی بە عێراق گەیاندوەو ئەو لەگەڵ ئەو سیاسەتکردن و حکومەتداریە نەبووە کە کار لەسەر لاوازی هەرێمی کوردستان بکات و چەندین جاریش بەراستەوخۆ لەبەردەم سەرکردە عێراقيەكاندا ڕەخنەی گرتووە لە ئەدای حکومداری عێراقدا ،
نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای لە هێزە کوردیەکان کردووە کەدەبێت یەک هەڵوێست بین لەبەرامبەر عێراق ، چونکە کورد دەبێت بزانێ داهاتووی لەبەردەم چارەنوسێکی باش نیە ئەگەر یەکگرتوو نەبێت ، چونکە عێراق بەرەو ناوندگیری دەستەڵات هەنگاودەنێت و بەردەوامیش کار لەسەر بچووککردنەوەی هەرێم دەکات لەڕێگەی ئەو یاساکۆنانەی کە لە عێراقدا بوونیان هەیە ، لە ئێستادا گفت گۆی گەرم بوونیان هەیە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق هەر لایەنێک هەوڵدەدا زۆرترین دەستکەوتی هەبێت لە دانوستاندن و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت ، کوردیش لە هەوڵی جدیدایە لە بەدیهێنانی دەستکەوت و مافەکانی .
کورد لە عێراقی داهاتوودا چەندین کێشەی چارەسەرنەکراوی هەیە چ لە بوودجە و مافی دارایی هەرێم یاسای نەوت و غازو پرسی خاک و ماددەی ١٤٠ و گۆڕینی یاسای کۆنی سەردەمی ڕژێم و دانانی یاسای تازە لەبەرژەوەندی هەموو لایەک ، ئەم کێشانەش پێویستی بەیەک دەنگی و یەک هەڵوێستی کوردە لەبەرامبەر عەقلیەتێکی ناوەندگیری و تەدەخولی ئیقلیمی کە ڕۆڵیان هەیە لە داهاتووی پێکهێنانی حکومەت دا .
بۆیە دەبێت قسەکانی سەرۆکی هەرێم بەهەند وەربگیرێت و پێویستە کورد بیر لە بەرژەوەندیەگەورەکە بکاتەوە زیاتر لەوەی بەدوای پۆست و بەرژەوەندی حزبیدا بگەرێت ،
لەرۆژانی داهاتووش ئەو دەستکەوت و ڕێکەوتنانە دەبینیت کە لەلایەن کورد و هێزەکانی تری عێراق كراون لەسەر پێکهێنانی حکومەت ، دەبێت لایەنی سەرکەوتوو ئەوانەش دیاری بکرێن بۆ خەڵکی کوردستان کە بوونەتە هۆکار بۆ شکستی دانوستاندن و بەدیهێنانی ئامانجی زیاتر لە عێراقی داهاتوودا دواتریش پێویستە کورد ئەو یەکڕیزیە و یەک هەڵوێستیەی لە ناوخۆیدا بە جیهان پیشان بدات کە لە پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم خۆی دەبینێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق ڕاسپێردراوە سەرپەرشتی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم بکات ، گومانیش لەوەدانیە کە گفتوگۆکان زیاتر سەرکەوتوودەبن و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیش چالاکتردەبن .
من پێموایە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەبووپێش حکومەتی عێراق بوایە ئەمە داواکاری هەموو کوردیش بوو ، خودی نێچیرڤان بارزانیش زۆر سەرکەوتووانە دەیتوانی هەموو هێزەکان لە حکومەتی داهاتوو کۆبکاتەوە چونکە خاوەن کەسایەتیێکی میانڕەو و بەهێزە لە دیبلۆماسیەتدا لەلایەن سەرجەم هێزەکانیش قبوڵکراوەو بۆچونەکانیشی بەهەند وەردەگیرێن بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە .
ئەوەی گرنگە کورد دەبێت لەناوخۆ زیاتر یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بێت لەبەرامبەر ئەو گۆڕانکاریانە و داهاتووی ناوچەکە بۆئەوەی ڕووداوەکان بە بەرژەوەندی کورد و خەڵکی کوردستان کۆتای پێبێت.
دەبێت پارتە سیسیەکانی کوردستا لەوە تێبگەن کەداواکاری و خواستی ئەوانیشە کورد یەکڕیز و یەکدەنگ بێت و دەبێت ئەو قۆناغە کۆتای پێ بێت خەڵکی کوردستان باجی کوردبون و ئەم هەرێمە بدات کە من پێموایە هۆکارەکەی زیاتر بۆ پەرتەوازەیی و لاوازی پێگەی کورد دەگەرێتەوە لە بەرامبەر لایەکان.
دەبێت هەموو هێزەسیاسیەکان لە چوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتوو کۆببنەوەو بریاری ئەوە بدەن کە بەرژەوەندی هەرێم لەپێش بەرژەوەندی حیزبیە و بەهەمووان کار بکەن بۆ ئەوەی کورد لە پێگەیەکی بەهێزی دەسەڵاتدابێت لە دەرەوەی هەرێم و ناوخۆی هەرێم.

