هاوار محەمەد
رێککەوتننامەی پاریس لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بە بەشداری بنامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، محەمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سوریا و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پاریسی پایتەختی وڵاتی فەڕەنسا بەڕێووەچوو. کۆنگرەی پاریس وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو، چونکە جگە لەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکەی گۆڕی، جەختی تەواویشی کردۆتە سەر ئاسایشی ئیسرائیل و پاراستنی سەقامگیریەکەی لە بەرامبەر واڵاکردن و رێگە دا بە دەسەڵاتی ئێستای سوریا و ئەحمەد شەرع، بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتەکەی بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ( رۆژئاوای کوردستان) کە سنوری قەلەمڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوو. گرنگترین ئەو خاڵانەی کە لە رێککەوتننامەی پاریسدا پەسەندکراون و واژۆیان لەسەر کراوە بریتین لە:
تەوەری یەکەم: پابەندیەکانی سوریا
1. سوریا دان دەنێت بە قەوارەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ وکۆتایی دێنێت بە دژایەتی کردنی ئەم دەوڵەتە کە لە ساڵی 1948ەوە، واتا لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دەستی پێکردووە.
2. سوریا دەچێتە ناو (رێککەوتننامەی ئیبراهیمی)، کە پەیوەستە بە ئاساییکردنەوە و بونیاتنانی پەیوەندی (ئەمنی، دیبلۆماسی، بازرگانی و سیاسی) لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، بەبێ مەرجی چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین.
3. دەوڵەتی سوریا داوای ئەم زەویانەی ناکاتەوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و داگیر کراون، وەک:(بەرزاییەکانی جۆلان، درعا لە باشوری سوریا و قونەیتەرە، کە تەنها 60 کیلۆمەتر لە ناوەڕاستی دیمەشقی پایتەختەوە دوورە.
4. دەوڵەتی سوریا نابێتە خاوەنی چەکی قوڕس بە بێ رەزامەندی ئیسرائیل.
5. سوریا دان دەنێت بە بە مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا.
6. تەواوی ئەو گرتووخانانەی کە تیایدا چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان تێدا زیندانی کراون دەخرێنە ژێر دەستی هێزە ئەمنیەکانی سەر بە حکومەتی سوریا
دووەم: پابەندیەکانی حکومەتی سوریا پەیوەست بە کوردانی رۆژ ئاڤا و هێزەکانی سوریای دیموکرات:
1. هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)، پێویستە تێکەڵی ناو سوپای عەرەبی سوریا ببن و لە چوارچێوەی فیرقەی پێنجی سوپای عەرەبی سوریا، وەک یەکەیەکی سەربازی سەربەخۆ. بەڵام دواتر بە هۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەم خاڵە گۆڕانکاری تێدا کرا و داوا لە ( هەسەدە) کرا ، کە شەرڤانەکانی دەتوانن بە شێوازی(تاک تاک) بچنە ناو سوپای عەرەبی سوریا.
2. هێزەکانی سوریای دیموکرات پێویستە لە ناوچە عەرەبیەکانی رۆژهەڵاتی سوریا لە پارێزگاکانی ڕەققە و دێرەزوور بکشێنەوە و ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکەنەوە.
3. لە ناو ڕێککەوتنەکە و گفتوگۆکانی پاریسدا، باس لەوە کراوە کە پێویستە “تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان” بپارێزرێن وەک:
ا- لە دەستوری ئاییندەی وڵاتدا دان بە هەبوونی کورد دەدرێت و دەسەڵاتی لا مەرکەزی ئیداری بە ناوچەکوردیەکان دەدرێت.
ب- زمانی کوردی: دانپێدانان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی.
ج- جەژنی نەورۆز: کراوە بە پشووی فەرمی لە سوریا.
د- مافی هاوڵاتیبوون: پێدانی ڕەگەزنامە بەو کوردانەی پێشتر بێبەش بوون.
4. دەسەڵاتی کارگێڕی و سیاسی لە قامیشلۆ و حەسەکە دەبێت بگەڕێتەوە ژێر چەتری حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق.
5. تەواوی سەرچاوە ئابوریەکانی وەک کێلگەکانی نەوت و دەروازە نێو دەوڵەتیەکان لە لایەن حکومەتی مەرکەزی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن.
سێیەم:پابەندیەکانی ئیسرائیل وئەمریکا
1. ئەمریکا و ئیسرائیل چاوپۆشی دەکەن لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە).
2. هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی سەر سوریا.
3. پاراستنی ئاسایشی سوریا و پشتگیریکردنی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆبونەوە و پڕۆتۆکۆڵە نیودەوڵەتیەکان.
4. پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا.
5. ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنەوە بەڵێنی داوە کە ڕێگری بکات لە هەر هێرشێکی دەرەکی (ئاماژە بۆ هێرش و پەلاماری دەوڵەتی تورکیا) کراوە بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، بە مەرجێک کوردەکان پابەندبن بە خاڵەکانی ڕێککەوتنی پاریس و لەگەڵ دیمەشق ڕێکبکەون.
6. ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ فشاری خستووەتە سەر تورکیا کە دەستوەردانی سەربازی ڕابگرێت و ڕێگری نەکات لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاریس.

