ئاريان فه‌ره‌ج
ئەوەی دواى دوو مانگ لە دڵەڕاوکێ و نائارامی، لە گۆڕەپانی ئاڵۆزی سووریا و ڕۆژاڤا بەدیهات، تەنها گەیشتن بە ڕێککەوتنێک نەبوو کە ڕێگەی لە شەڕێکی خوێناوی گرت، بەڵکو “سەرکەوتنێکی گرنگى دیپلۆماسییەتی کوردی” بوو کە نەیهێشت خەبات و قوربانیدانی کوردی سووریا بە تراجیدیا کۆتایی بێت. جووڵەيه‌كى دیپلۆماسی كاريگه‌ر و ژيرانه بوو كه لەگەڵ ڕابوون و پاڵپشتیی نەتەوەیی کوردستانییان، وایکرد دواجار کوردی سووریا نە بێکەسکوژ بکرێن و نە ناچار بکرێن دەست لە مافە بنەڕەتییەکانیان هەڵبگرن و نە به دەستی بەتاڵ لێی دەربچن، به‌ڵكو بگه‌ن به ئه‌نجامێك كه لانى كه‌مى مافه‌كانيان دابين بكات و له هه‌مان كاتيشدا جێى ڕه‌زامه‌نديى كۆى لايه‌نه په‌يوه‌ندداره‌كانيش بێت.
ئەو ڕۆڵە دیپلۆماسییە هه‌مه‌لايه‌نه‌يه‌ى كه‌به خه‌مخۆريى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و به ئه‌ندازياريى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، بووە مایەی پەسن و ستایشی ناوەندە سیاسییەکان و له لايه‌ن چاودێرانیشه‌وه بە ژیرانەترین جووڵەی دیپلۆماسی وەسفكرا كه لە یەک کاتدا کۆمەڵێ ئەنجامی یەکدی تەواکەر و هاوسەنگانەی بەدیهێنا:
• بەر لەوەی پێکدادانەکان سەربکێشن بۆ شەڕێکی خوێناوی و کاولبوونی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژاڤا، شەڕ وەستێندرا، ئەوەش خۆی لە خۆیدا و بە پێوەری عەقڵانیی دوور لە خۆکوژیی سیاسی، سەرکەوتنێکی گەورە بوو.
• شەڕوەستان و ڕێککەوتنەکە وایکرد خۆبەڕێوەبردنی نێوخۆیی لە پارێزگای حەسەکە و ناوچە کوردنشینەکان جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی خۆسەری، هەڵنەوەشێتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هەردوولا و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی نەتەوەیی ناوچەکەدا، بمێنێت.
• کاریگەریی نێچیرڤان بارزانی لەسەر سیاسەتوانانی ڕۆژاڤا وایکرد دواجار ڕوانگەی کوردى سوريا بۆ دیمەشق لە سەنگەرلێگرتن و بە چاوی دوژمن تەماشاکردنەوە بگۆڕێ بۆ ئەو پایتەختەی کە دەبێت کوردیش ڕووی تێ بکات و لەوێ بەدوای مافەکانی خۆیەوە بێت.
• پێداگیری و کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرەنسیپەی کە سووریای نوێ دەبێ وڵاتی هەموو پێکهاتەکان بێت، حکومەتی دیمەشقی هاندا هەر زوو مەرسومێکی کۆماری دەربکات کە وەک بەڵگەنامەیەکی سەرەتایی دەکرێ ببێتە بناغە بۆ سەلماندنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی وڵاتەکەدا.
• توانرا پرسی کورد لە سووریا لە کێشەیەکی سەربازییەوە بگۆڕێت بۆ پرسێکی سیاسی؛ لە پرۆسەی دەمجکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریاوە بگۆڕێت بۆ پرسی دانپێدانانی مافەکانی کورد لەو وڵاتەدا. هاوکات لە ديفاع له خۆسەرییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە كه ده‌ستكه‌وتێكى ئه‌وتۆى بۆ كورد تێدا نه‌بوو، بگۆڕێت بۆ دانپێدانانی تایبەتمەندیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکاندا.
• پێداگیری لەسەر ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات یان ڕاستتر بڵێین یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژنان، نابێ بە شێوازی تاک بە تاک تێکەڵ بە سوپای سووریا بکرێن، بەڵکو دەبێ وەک تەشکیلات بچنە پاڵ ئەو سوپایە، دواجار پەسەندکرا و ئەو هێزانە بە پێکهاتەی خۆیانەوە مانەوە و بڵاوەیان پێ نەکرا، ئەوەش دەستکەوت و گەرەنتییەکی گرنگە بۆ هەر پێشهاتێک لە ئایندەدا.
• بەجێهێشتنی سووریا لەلایەن ئەو شەڕڤانانەی خەڵکی ڕۆژاڤا نین و گێڕانەوەیان بۆ بنکەکانی خۆیان لە قەندیل، کە بە هەوڵ و لێکتێگەیشتنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم جێبەجێ کرا، هەنگاوێکی ژیرانە بوو کە هەم هەنجەتی زۆر لایەنی بڕی و هەم نیگەرانیی ڕەوای زۆرانیشی ڕەواندەوە و بە خێری کوردی ڕۆژاڤا شکایەوە.
• جارێکی دیکە هەولێر وەک پایتەختی چارەسەری ناوچەیی هاتەوە ڕۆژەڤەوە و بووە ناوەندی سەردانی شاندە باڵاکانی ئەمریکا و ئەورووپا و لایەنەکانی سووریا؛ هەموانیش بە گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی لە هەولێر بنه‌ماكانى داڕێژران، خۆشحاڵ و ڕەزامەند بوون. هەر لایەنێکیش لە گۆشەنیگای دابینبوونی بەرژەوەندیی خۆیەوە، خۆی بە براوە زانی، ئەمەش سەرەکیترین مه‌رجى سەرکەوتوویی هەر نێوەندگیری و جووڵەیەکی دیپلۆماسییە.
لوتكه‌ى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه له‌كۆنفرانسى ميونشن و ديداره هاوبه‌شه‌كانى وه‌فدى رۆژاڤا و وه‌فدى ديمه‌شق له‌گه‌ڵ بڕياربه‌ده‌ستانى جيهان، هه‌روه‌ها له‌و پێزانينه‌دا به‌رجه‌سته بوو كه له يه‌ك كاتدا هه‌ردوو لايه‌نه‌كه‌ى سوريا و سه‌ركرده و سياسه‌توانانى جيهان بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانييان ده‌ربڕى.
ئه‌وه‌ى ڕوويدا و ئومێديش وايه تا سه‌ر بێت، سەرکەوتنی عەقڵانییەت و میانڕەوی و هێزى نه‌رم بوو بەسەر توندڕەوی و شەڕدا. مۆدێلێكى چاره‌سه‌ريى بوو كه له يه‌ككاتدا توانى مافەکانی کورد و به‌رژه‌وه‌نديى ديمه‌شق به‌يه‌ك بگه‌يه‌نێت و نیگەرانییە ئەمنییەکانی وڵاتانی دراوسێش بڕەوێنێتەوە و جيهانيش له ئيحراجييه‌كى سياسى ڕزگار بكات.

