سمیر میرانی
«قەیرانەکان کۆتایی ڕێگا نین، بەڵکو دەستپێکی ڕێگایەکی نوێن.»
لە هەرێمێکدا کە خێرایی پێکدادان و گۆڕانکارییەکان تێیدا زیاد دەبێت، و چارەنووسە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکان تێکەڵ دەبن، قەیرانەکان چیتر ڕووداوێکی ناوازە یان کاتی نین، بەڵکو بەشێکی جێگیر بوون لە پێکهاتەی مێژوویی ئەم بوارە جوگرافیایە، لەم هەرێمەدا جێگیرییەکی درێژخایەن لە پەیوەندییەکاندا کەم دەبینرێت، چونکە ئەو پەیوەندییانە هەمیشە لەگەڵ هەر گۆڕانێکی سیاسی یان ستراتیژی دووبارە خۆیان ڕێکدەخەن.
بەڵام قەیران لە مانای قووڵتردا تەنها تێکچوونی هاوسەنگی نییە، بەڵکو ساتێکی گرنگی تاقیکردنەوەی هۆشیاریی سیاسییە، قەیران تەنها وێران ناکات، بەڵکو هێز و توانای نهێنی دەردەخات و پێویستی بە دووبارە ڕێکخستنی پێشەکییەکان دەکات، ئەوەی کە ئەم ساتانە بە باشی دەخوێنێتەوە، دەزانێت کە فشار دەتوانێت ببێتە دەرفەت، و گۆڕانەکانیش دەتوانن دەستپێکی ڕێگایەکی نوێ و پێگەیشتووتر بن.
تێگەیشتن لە سروشتی قەیرانەکان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان بە دیپلۆماسییەکی هۆشیار و نەرمییەکی ژیرانە، دوور لە کاردانەوەی هەستیارانە و بەپەلە، دەسەڵاتێکی سیاسی کە دیدگایەکی ڕوون هەبێت، دەتوانێت ئەم گۆڕانانە بە قازانجی خۆی بەکاربهێنێت، نەک ئەوەی لەژێر باریاندا فرسودە بێت.
لە کاتی پێکدادان و ناڕێکییە سەربازییەکاندا، یەکەم ئەرک پاراستنی ڕووحی هاوبەشی گەلە، گەلەکان لەبەر زیادبوونی تەحەدییەکان نابەزن، بەڵکو ئەو کاتە دەکەون کە خەڵک متمانەیان بە توانای خۆیان بۆ خۆڕاگری لەدەست بدەن، بۆیە بەڕێوەبردنی نیگەرانیی گشتی، ئارامکردنەوەی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و دووبارە هەڵسەنگاندنی ڕێباز، هەنگاوە گرنگەکانن بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی دوای قەیران، قۆناغێک کە تێیدا پێشەکییەکان دووبارە ڕێکدەخرێن و متمانە و ئاسایشی ناوخۆیی کۆمەڵگا بەهێزتر دەکرێت.
لە دانایییەوەیە جیاوازی لەنێوان هاوبەشی و تێکئاڵاوبوون بکرێت، لەوانەیە هاوبەش بین لە زمان، ئاین، مێژوو یان جوگرافیا، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە لە هەر پێکدادانێکدا کە لەم هەرێمەدا درووست دەبێت، بەشداری تێکئاڵاو ببین، نزیکبوونەوەی ناسنامەکان مانای ئەوە نییە کە لە پێکدادانە سیاسییەکانی ئەوانی تر ڕاکێشین، و هاوسەنگی داواکاری ئەوە دەکات کە سنوورێکی ڕوون لەنێوان هاوسۆزی و تێوەگلچوون دابنرێت.
قەیرانەکان تەنها لاوازیی کیانەکان پیشان نادەن، بەڵکو توانای نهێنییان بۆ مانەوە و ڕزگاربوونیش دەردەخەن، ئەگەر بە تێگەیشتن لە ڕاستییەکان و مامەڵەی دانایانە وەڵامیان بدرێتەوە، تێگەیشتن بەوەی کە لە دڵی زریان و تۆفاندا هەمیشە دەرفەتێکی ڕزگاربوون هەیە، و ئەوەی نەرمی پاشەکشە نییە، بەڵکو شێوەیەکی بەرز و پێگەیشتووی هێزە.
ئەو لایەنەی کە لەم هاوکێشە هەرێمییەدا لاوازترە، پێویست ناکات بۆ سەلماندنی بوونی خۆی بچێتە ناو پێکدادانەکان، بەڵکو پێویستە ڕۆڵی هێزی جێگیری بگێڕێت، ئاڵۆزی ئارام بکاتەوە و مەترسیی پێکدادان لە گەلەکەی خۆی دوور بگرێت، ڕزگاربوون بە توندیی هەڵوێست و بەرزی دەنگی قسەکان بەدەست نایەت، بەڵکو بە دیپلۆماسییەکی ئارام، بابەتی و نەرمییەکی هۆشیار بەدەست دێت، دیپلۆماسییەک کە تێیدا دیدگا، تواناکان و هەوڵەکان لە ناوخۆ و دەرەوە یەکدەخرێن بۆ دڵنیابوون لە شوێنێکی پارێزراو لە نەخشەیەکی هەرێمیی نوێ کە بە هێواشی، بەڵام بە قووڵی، درووست دەبێت.
لەسەر ڕابەرێکی دیپلۆماسیی پیشەیی پێویستە کە بە دیدگایەکی پراگماتیکی و دوور لە هەست، سەیری مێژوو بکات، وانە و ئەزموونەکان لێ وەربگرێت بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو هەڵەی گواستنەوەی ڕابردوو بۆ ئێستا، بڕیارەکان تەنها لە چوارچێوەی کاتی خۆیاندا تيده گه رين، چونکە تۆڕی بەرژەوەندی و هاوپەیمانی و هاوکێشەی هێزەکان بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
ئەو گۆڕانکارییانەی کە قەیران و پێکدادان درووستیان دەکەن، تەنها لادانێکی کاتی نین، بەڵکو دەربڕینی ڕووحی قۆناغێکی نوێن کە منطق و یاسای تایبەتی خۆیان بەسەر هەرێمەکەدا دەسەپێنن و ڕێگایەکی مێژوویی جیاواز لە پێشووتر درووست دەکەن، ئەوەی کە ئەم ڕاستییە دەزانێت و تێدەگات، تەنها لە قەیران ڕزگار نابێت، بەڵکو بەشداریش دەکات لە داڕشتنی قۆناغی دوای ئەوە.

