پێشکەشکار و دروستکەری ناوەڕۆکی ئەمریکی بانی ئێکس ئۆ، پەردەی لەسەر ئەو هۆکارانە لادا کە وایان لێکردووە ئەو ئەڵقە تایبەتەی پۆدکاستەکەی بسڕێتەوە کە تێیدا باسی لە جیابوونەوەی لە هاوسەری پێشووی، گۆرانیبێژی ڕاپ جیلی ڕۆڵ کردبوو.
بانی ئێکس ئۆ ڕایگەیاند، ئەو ئەڵقەیە بینەرێکی زۆری هەبووە و بڕی 100000 دۆلاری ئەمریکی قازانج بەدەستهێناوە، بەڵام پاراستنی تەندروستی دەروونی خۆی لە هەموو دەستکەوتێکی ماددی بە گرنگتر دەزانێت.
ئەم پێشکەشکارە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هێشتنەوەی ئەو ڤیدیۆیە وادەکات سەخترین قۆناغی ژیانی بەردەوام لە بەردەم چاوی خەڵکدا بێت، لە کاتێکدا ئەو ئێستا دەیەوێت پەڕەیەکی نوێ هەڵداتەوە.
بانی ئێکس ئۆ ڕایگەیاند، زیاتر لە ساڵێک پێش ڕاگەیاندنی فەرمی تەڵاق، پێوەندییەکەیان بەرەو ساردبوونەوە ڕۆیشتووە و ئەو لە پشت کامێراوە تووشی خەمۆکی و کێشەی دەروونی قورس ببوو.
ئەو دووپاتی کردەوە کە بڕیاری سڕینەوەی ئەڵقەکە بۆ پاراستنی پرۆسەی چاکبوونەوەی دەروونی خۆیەتی و نایەوێت تەنیا وەک ژنێکی جیاکراوە بناسرێت.
ئێستا پێوەندی نێوان ئەو و هاوسەری پێشووی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر بەردەوامە و پێکەوە گرنگی بە پەروەردەکردنی منداڵەکەیان دەدەن.

