لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام لە کەرکووک بڕیاری دا دواکاتی تۆمارکردن و ناردنی بەرهەمەکان بۆ خولی 10یەمینی فێستیڤاڵەکە درێژ بکاتەوە بۆ 2ـی ئەیلوولی 2026.
خولی داهاتووی فێستیڤاڵ لە 11ی تشرینی دووەمی 2026 بە ئامادەبوونی گرووپ و هونەرمەندانی زیاتر لە 15 وڵاتی جیاواز دەست پێ دەکات و لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت، ئەویش شانۆی شەقامی گەورە، شانۆی شەقامی منداڵان و فەزای کراوە.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە چەند مەرج و ڕێنمایییەکی بۆ وەرگرتنی بەرهەمەکان دیاری کردووە: نابێت لە 30 خولەک زیاتر بێ، ستافی سەر تەختە و پشتی نمایشی هەر گرووپێک نابێت لە 5 کەس زیاتر بێت، فێستیڤاڵ بەرپرسە لە دابینکردنی شوێنی مانەوە، خواردن و هاتووچۆی ناو شاری کەرکووک بۆ ئەندامانی گرووپە وەرگیراوەکان و دابینکردنی دیکۆر و کەلوپەلی تەکنیکی نمایش لەسەر شانی گرووپە بەشداربووەکان خۆیان دەبێت. پێویستە گرووپەکان لینکی ڤیدیۆ و پۆستەری نمایشەکە بنێرن و فۆرمی بەشداریکردن بە تەواوی پڕ بکرێنەوە تاوەکو لەلایەن لیژنەی بینین و هەڵسەنگاندنەوە پەسەند بکرێن.
جگە لە نمایشە شانۆیییەکان، لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا پێنج وۆرکشۆپی پسپۆڕیی شانۆیی بەڕێوە دەچن. بۆ یەکەم جار ئەم وۆرکشۆپەنە تەنیا لە کەرکووک ناهێڵدرێنەوە، بەڵکو دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی هەولێر، سلێمانی، چەمچەماڵ و کۆیە تا قوتابیان و ئارەزوومەندانی شانۆ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان سوودمەند بن.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا چوار خەڵاتی زێڕین دەبەخشرێتە باشترین نمایش، باشترین دەرهێنان/بەڕێوەبردن، باشترین ئەکتەر و باشترین گرووپی بەشداربوو.

