zagros news agency

قوتابییەکی کورد لە پێشبڕکێی جیهانیی “پردی چینی” بەشداربوو

بەهرۆز کانەبی ئیسماعیل، قوتابی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی چینی لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین، دوای سەرکەوتنی و بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی سەرئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە پێشبڕکێی جیهانیی زمانی چینی “پردی چینی” لە چین دەکات.

 

“پردی چینی” کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی ساڵانەیە کە لەلایەن حکومەتی چینەوە بە مەبەستی هاندانی فێربوونی زمانی چینی (ماندارین) و ناساندنی کولتووری چین لەسەر ئاستی جیهان ڕێکدەخرێت.

 

کێبڕکێیەکە تایبەتە بە قوتابییانی زانکۆ لە سەرانسەری جیهان کە زمانی دایکییان چینی نییە. هەر وڵاتێک پێشبڕکێی ناوخۆیی خۆی ئەنجام دەدات و براوەکە وەک نوێنەری فەرمیی وڵاتەکەی دەچێتە قۆناغی کۆتایی لە چین، تێیدا لەگەڵ بەشداربووانی زیاتر لە 160 وڵات ڕکابەری دەکات.

 

براوەی کۆتایی پێشبڕکێیەکە ڕاستەوخۆ مافی وەرگرتنی سکۆلەرشیپی خوێندن لە باشترین زانکۆکانی چین بۆ ماوەی شەش مانگ بەدەست دەهێنێت، بە تەواوی تێچووەوە کە لەلایەن حکومەتی چینەوە دابین دەکرێت.

 

پێشبڕکێیەکە چەند بەشێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە بەشداربووان تێیدا هەڵدەسەنگێرێن: دەربڕینی ڕوون و سروشتیی بیرۆکە و ئەزموونەکان بە زمانی چینی، تێڕوانین و زانیاری لەبارەی مێژوو، جوگرافیا، کولتوور، نەریت و ژیانی ڕۆژانەی چین و  پیشاندانی بەهرە و لێهاتوویی لە بواری هونەر و کولتووری نەریتیدا، وەک خۆشنووسی، شیعر، موزیک و گۆرانی و کونگفو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکا هەناردەی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگرێت

سەڵاح

بازدانی نرخی زێڕ و زیو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهاندا

سەڵاح

تاران؛ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی خۆڵبارین بەڕێوە چوو

یاسین