zagros news agency

وریا ماملێ: دەبێت دڵمان گەورە بێت

وریا ماملێ، کوڕی هونەرمەندی کۆچکردوو محەممەدی ماملێ، سەبارەت بەو کاردانەوانەی بەهۆی لێدوانی کچە لاوێکەوە لەسەر باوکی دروستبوون، پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا داوای لێبوردەیی و هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد.

 

لەم پەیامەدا، وریا ماملێ ئاماژەی بەوە کردووە، لێدوانەکانی ئەو کچە لە ڕووی کەم ئەزموونی و تەمەنی لاوییەوە بووە، داوای لە هەوادارانی ماملێ کردووە بە دڵێکی فرەوانەوە سەیری بابەتەکە بکەن، بەبێ ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئەو کچە و بنەماڵەکەی.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، وەک ئاگادار کراومەتەوە، هەڕەشەیەکی زۆر لەو کچە کراوە. تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی پۆلیسی ئێران دەستبەسەری بکات (تەنیا بۆ پیشاندانی ئەوەی کە دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە).

 

روونیشیکردەوە: هەموومان لەو تەمەنەدا ژیاوین، لاو بووین و هەڵەشمان کردووە، یان خۆمان منداڵمان هەیە و دەزانین دەکرێت منداڵەکانیشمان تووشی هەڵە ببن. پێویستە هەموومان وەک هەڵەیەکی کاتیی لاوێکی بێ ئەزموون سەیری ئەم بابەتە بکەین و لەوە زیاتر گەورەی نەکەینەوە. دەبێت دڵمان گەورە بێت؛ وەک چۆن لە سەردەمی خۆیدا کۆمەڵێک بوختان و درۆیان بۆ ماملێ دروست دەکرد و دەیانگوت زیرەکی کوشتووە یان ساواکی بووە و شتی دیکە، بەڵام کاردانەوەی ماملێ تەنیا بزەیەکی سەر لێوان و بەردەوامبوون بوو لەسەر ڕێبازە هونەرییەکەی. دڵنیام ئەگەر ئێستاش خۆی لە ژیاندا مابا، بە هەمان ڕوانگەی بەخشندەییەوە سەیری ئەم ڕووداوەی دەکرد.

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا وریا مەملێ دەڵێت: وێڕای سوپاسی گەرم و بێ‌ پایانم بۆ دڵسۆزان و هەوادارە بەڕێزەکانی ماملێ، تکایان لێ دەکەم لەوە زیاتر گوشار نەخەنە سەر ئەو کچە و بنەماڵە بێتاوانەکەی. وەک ماملێ بە دڵێکی فرەوانەوە بیبوورن، تا ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوونەدات کە دواتر پەشیمانی و زیانی لێ بکەوێتەوە و قەرەبوو نەکرێتەوە. هەروەها ناهێڵین ناحەزانیش ئەم بابەتە بۆ مەرامی خۆیان بەکاربهێنن و نان و پیازی پێوە بخۆن. لەبیرمان نەچێت کە لێبوردەیی و بەخشندەیی بەشێکی جوان لە کولتووری کۆمەڵگەکەمانە و دەبێت شانازیی پێوە بکەین.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Nosferatu” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

ڕاگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

گوران

وەزارەتی دارایی و ئابوری راگەیندراوێکی لەسەر مووچە بڵاوکردەوە

یاسین