مەترسییەکانی ساختەکردنی ناسنامەی دیجیتاڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا روو لە زیادبوونە و زیانی گەورە بە ژیانی تایبەتی کەسایەتییە دیارەکان دەگەیەنێت. ئەکتەری هیندی فاهبیز دورابجی ئاشکرای کرد، تووشی بەزاندنی مافی تایبەتمەندی بووەتەوە دوای ئەوەی کەسانی نەناسراو ئەژمارێکی ساختەیان لە فەیسبووک بە ناوی ئەو دروستکردووە.
لەم ئەژمارە ساختەیەدا ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیڵی تایبەتی دورابجی بڵاوکراونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی پەیوەندی و پەیام لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە.
ئەستێرەی زنجیرەی “Pyaar Kii Ye Ek Kahaani” ڕایگەیاند، درکی بە کێشەکە کردووە کاتێک دەستی کردووە بە وەرگرتنی پەیام لە پیاوانی نەناسراوەوە، پێش ئەوەی یەکێکیان لینکەکەی بۆ بنێرێت و پرسیاری لێبکات.
دورابجی ڕوونیشی کردەوە، دەستی کردووە بە بلۆککردنی ژمارە نەناسراوەکان و داوای لە هاوڕێکانی کردووە ڕاپۆرت لەسەر ئەژمارەکە بدەن.
جەختی کردەوە، بەردەوام گۆڕینی ژمارەی تەلەفۆن وەک بژاردەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام نایەوێت ئەو هەنگاوە بنێت چونکە ژمارەکەی بۆ ماوەی 20 ساڵە لایەتی.
دورابجی دیاری کرد، لەو بڕوایەدایە ئەم کارە هەوڵێکی ئەنقەست بووە بۆ بێزارکردنی و بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆسییەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەکات بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە لە پشت ئەم کارەوەن.

