تۆڕی HBO لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەبازاڕکردنی بۆ زنجیرە تەلەڤزیۆنییە چاوەڕوانکراوەکەی “Harry Potter”، سێ پۆستەری نوێی بەرهەمەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا ڕوخساری نوێی کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی جادوو نیشان دەدرێن.
ئەم بەرهەمە نوێیە دەربڕینێکی درامایی تازەیە بۆ زنجیرە پەڕتووکە بەناوبانگەکانی نووسەر جەی کەی ڕولینگ و سێ کەسایەتییە سەرەکییەکە کە بەم شێوەیە لە پۆستەرەکاندا دەردەکەون، دۆمینیک ماکلۆگلین لە ڕۆڵی “هاری پۆتەر”، ئەلیستێر ستاوت لە ڕۆڵی “رۆن ویزلی” و ئارابیلا ستانتۆن لە ڕۆڵی “هێرمایۆنی گرێنجەر”.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکاندا ڕستەی “داری جادووییەکان ئامادەن” هاوپێچ کراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی کاتی پێشکەشکردنەوەی ئەم جیهانە جادووییە.
چیرۆکی زنجیرەکە تیشک دەخاتە سەر ژیانی هاری پۆتەر، کە وەک منداڵێکی ئاسایی لە ماڵی پووری دەژێت، بەڵام لە یادی 1١ ساڵەی لەدایکبوونیدا بە وەرگرتنی نامەیەکی نادیار بۆ چوونه ناو قوتابخانەی “هۆگوارتس بۆ جادوو و جادووگەری” ژیانی بە تەواوی دەگۆڕێت. هاری لە قوتابخانە نوێیەکەیدا هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕۆن و هێرمایۆنی پەیدا دەکات و پێکەوە دەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی نهێنییەکانی ئەو جیهانە جیاوازە و مەترسییەکانی پەیوەست بە ڕابردووی هاری دەکەن.

