سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی پەکی کەوتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، زیانی دارایی بەردەوامە و خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانی تەنیا یەک ڕۆژی وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا زیاتر لە ٤ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
بەرهەم گەردی، بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس گوتی: لەم چوارچێوەیەدا، بەرهەمی ڕۆژانەی گازی سرووشتی کێڵگەکە ٦٤٠ ملیۆن پێی سێجا بووە کە تەنانەت بە ئەژمارکردنی نرخێکی کەمتر لە بازاڕی جیهانی بۆ بەکاربردنی ناوخۆ، زیانی وەستانی تەنیا ئەم بەشە دەکاتە دوو ملیۆن و ۷٠٠ هەزار دۆلار. هاوکات لە بەشی کۆندێنسەیتدا، ڕۆژانە زیاتر لە ۲۲ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنان هەبووە، کە زیانی دارایی ڕاوەستانی ئەم ڕێژەیە لە ڕۆژێکدا بۆ ٨٠٠ هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە.
بەرهەم گەردی، گوتیشی: هەروەها بەرهەمی ڕۆژانەی گازی ماڵان (LPG) لە کێڵگەکەدا ۱٤٠٠ تەن بووە، کە وەستانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەم ئاستەش ڕۆژانە بەنزیکەی نیو ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

