دەسەڵاتدارانی میسر جووڵەی فەرمییان دەستپێکردووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی مۆمیای کاهینە میسرییەکە “نەخت”، کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە مۆزەخانەیەکی شاری گلاسکۆی سکۆتلەندا پارێزراوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە مۆزەخانەکە بڕیاری دا چیتر مۆمیاکە بۆ سەردانیکەران نمایش نەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر پەیوەندییان بە بەرپرسانی سکۆتلەنداوە کردووە بۆ تاوتوێکردنی گەڕاندنەوەی کاهین نەخت بۆ زێدی ڕەسەنی خۆی.
لەم بارەیەوە، شەریف فەتحی، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر ڕایگەیاند، پەیوەندی و ڕێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی مۆمیاکە بەردەوامن، بەڵام دانوستانەکان هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندان و پێشهاتەکانی داهاتوو هەنگاوەکانی دواتر دیاری دەکەن.
لە بەرامبەردا، دامەزراوەی “گلاسکۆ لایڤ” کە سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی مۆزەخانەی “کێلڤینگڕۆڤ” دەکات، پشتڕاستی کردەوە کە داواکارییەکیان لە میسرەوە پێگەیشتووە بۆ گەڕاندنەوەی مۆمیاکە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە فەرمییە ئاشکرا بکەن کە داواکارییەکەی پێشکەش کردووە.
ئەم پێشهاتە جارێکی دیکە دۆسییەی گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی میسری لە دەرەوەی وڵات هێناوەتەوە بەرباس.
مۆزەخانەی کێلڤینگڕۆڤ لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا بڕیاری دا مۆمیای نەخت لە هۆڵەکانی نمایش بکشێنێتەوە. ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوە بە بنەما ئەخلاقییەکانی تایبەت بە نمایشکردنی پاشماوە مرۆییەکان لە مۆزەخانەکاندا هات، بەتایبەت کە هیچ ڕەزامەندییەکی زانراو لەلایەن کۆچکردووەکە یان نەوەکانییەوە نییە بۆ نمایشکردنی جەستەی بۆ خەڵک.
ئەم هەڵوێستە بەشێکە لەو ئاڕاستە نوێیەی کە لەناو دامەزراوە مۆزەخانەییەکانی ئەوروپادا سەری هەڵداوە و داوای مامەڵەکردنێکی ڕێزدارانە لەگەڵ پاشماوە مرۆییەکان و پاراستنی شکۆی مردووان دەکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، مۆزەخانەی “هانتێریان” لە هەمان شار بڕیاری دا مۆمیای خاتوو “شێپ ئین هۆر” کە تەمەنی زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵە، بە پۆشاکێکی تایبەت دابپۆشێت و تەنیا تابووتەکەی بە کراوەیی بۆ سەردانیکەران بهێڵێتەوە.

