ئافرەتێکی بەریتانی تۆمەتەکانی دەستدرێژیی سێکسیی ئاراستەکراو بۆ سەر ئەکتەری ناودار راسڵ براندی هێنایەوە بەر باس، دوای ئەوەی بڕیاری دا بۆ یەکەمجار ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات و جەختی لەوە کردەوە، کاتێک تەمەنی 16 ساڵ بووە لەلایەن ئەو ئەکتەرەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر، داواشی کرد یاساکانی بەریتانیا بۆ پاراستنی مێردمنداڵان هەموار بکرێنەوە.
دەستەی پەخشی بەریتانی ئاشکرای کرد، ئەو ئافرەتە ناوی میا لاتەرە و ئێستا تەمەنی 37 ساڵە، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری دا دەستبەرداری مافی یاسایی خۆی بێت بۆ شاردنەوەی ناسنامەکەی، ئەمەش بە ئامانجی دەستپێکردنی هەڵمەتێک بۆ گۆڕینی یاسای تەمەنی رەزامەندیی سێکسی لە بەریتانیا.
میا لاتەر یەکێک بوو لەو 6 ئافرەتەی لە 2023 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا تۆمەتیان ئاراستەی راسڵ براند کرد و ئەو کات بە ناوی خوازراوی ئەلیس دەرکەوت، لە کاتێکدا راسڵ براند سەرجەم تۆمەتەکانی رەت کردبووەوە.
میا لاتەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە تەمەنی 16 ساڵیدا راسڵ براندی ناسیوە کە ئەو کات تەمەنی 30 ساڵ بووە و لە تۆڕی ئێم تی ڤی کاری کردووە. ئەو باسی لەوەش کرد جیاوازیی زۆری تەمەن و لاسەنگیی هێز لە پەیوەندییەکەیاندا وایکردووە چیرۆکەکەی ببێتە جێگەی بایەخی رای گشتی، هەروەها تۆمەتباری کرد بەوەی داوای لێکردووە پەیوەندییەکەیان بە نهێنی بهێڵێتەوە و لە کۆتایی پەیوەندییەکەشیاندا بەبێ رەزامەندیی خۆی دەستدرێژیی کردووەتە سەری.

