ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

یەکەم دیداری یەکخستنی پیتە تایبەتەکانی شێوەزاری هەورامی بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەڵەبجە، یەکەم دیداری یەکخستنی پیتە تایبەتەکانی شێوەزاری هەورامی بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا، کە لە هۆڵی کتێبخانەی سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، هەریەک لە سەرخێڵ غەفار، بەڕێوبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و ژمارەیەک لە زمانەوان، ئەدیب، نووسەر و رۆشنبیرانی هەورامانی باشوور و رۆژهەڵات ئامادە بوون.

سەرۆکی رێکخراوی “ژیوای”، کاروان حەسەن، لە دەستپێکی دیدارەکەدا وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و میوانانی دیدارەکە، پوختەیەکی سەبارەت بە ئامانج و گرنگی پڕۆژەکە خستەڕوو.

کاروان حەسەن باسی لەوەشکرد، ئەنجوومەنی زمانەوانیی ڕێکخراوی ژیوای، ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی تاوتوێکردنی پڕۆژەکەیە.

دواتر لە پانێلێکدا، هەریەک لە شارەزایانی رێنووسی هەورامی و رۆشنبیرانی هەورامان د. عیرفان مستەفا، جەمال بێدار، هادی رەحمانی، باسیان لە گیروگازەکانی ڕێنووسی تازەی هەورامی کرد و سەرنجی خۆیان لە بارەی یەکخستنی ڕێنووس و کیبۆردی تایبەت بە هەورامی خستەڕوو.

لە ئەنجامی گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە شارەزا و زمانزان و رۆشنبیرانی هەورامان بڕیار درا، کاری جددی بکرێت بۆ یەکخستنی رێنووس و کیبۆردی هەورامی.

لە نێو رۆشنبیر و نووسەرانی هەوراماندا، چەند کیبۆردێکی جیا کاریان پێدەکرێت و ئەوەش پێویستیی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە، رێنووس و کیبۆردەکانی نووسین بە هەورامی یەکبخرێن، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کولتوور و فەرهەنگی هەورامان و پارێزگاریکردن لە شێوەزاری ئاخێوەرانی هەورامان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، سوپاسنامەی دیدارەکە پێشکەش بە هەریەک لە وەزیری رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و ژمارەیەک لە بەشداربووانی دیدارەکە کرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

کتێبخانە و ئەرشیفى نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسى به‌ ئه‌زموون و دیارى کورد و شاری هەولێر “ممتاز حەیدەرى” کرایەوە

یاسین

داهاتی بەشی چوارەمی “Kung Fu Panda” زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە

ART

بەشی دووەمی “Dune” لە سینەماکانی جیهاندا نمایش دەکرێت

ART