رۆژی چوارشەممە 15ـی 1ـی 2025 لە هۆڵی کتێبخانەی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی (پ.د.ک) لە هەولێر، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی (پ.د.ک) و ژمارەیەک لە رۆشنبیران و نووسەران و ئەدیبان، رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لە نووسەر و شاعیر و وەرگێڕی کورد ئەحمەد تاقانە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە لەلایەن بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی (پ.د.ک) سازکرا، تێیدا گوتار، ژیاننامە، پەیڤین، خەڵاتی رێزلێنان و دابەشکردنی کتێبی لە خۆگرتبوو.
لە دەستپێکدا؛ بە خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسـی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
دواتر دکتۆر سالار عوسمان، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: مامۆستا ئەحمەد تاقانە، دوو خەسڵەتی زۆر گرنگ و پڕ بەهای هەیە: یەکەم: ئەحمەد تاقانە، لە نووسەرانەیە لە بواری جددیدا بە قووڵیی کاری کردووە، گەر سەیری بەرهەمەکانی بکەین زۆر بە وریاییەوە کاری کردووە، بەرهەمە پڕ بایەخەکانی مامۆستا، نیشانەی ئەوەیە ئەو پتر خوێنەرە.
دووەم: زاهیدبوون و خۆنەویستی، وێڕای ئەوەی بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەد تاقانە زۆرن، بەڵام ئەو لە میدیا و سۆشیال میدیا دوورە، کە ئەمەش خەسڵەتی پیاوە گەورەکانە.
لە درێژەی گوتارەکەیدا د. سالار، ئەوەیشی خستە ڕوو؛ ئەو بەرهەمدارییەی ئەو هەیەتی خەسڵەتێکی تایبەتە دەتوانین وا پێناسەی بکەین، زۆرترین بەرهەم واتا سەرکەوتنی گەورە. بۆیە جێگەی دەستخۆشییە.
دواتر، ژیاننامەی شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ ئەحمەد تاقانە لەلایەن رێدار سابیر خوێندرایەوە.
بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوە بۆ لایەنی هزری و پێگەی کۆمەڵایەتیی شاعیر، محەممەد حەمە باقی خوێندنەوەی بۆ ئەم دوو لایەنەی شاعیر کرد، هاوکات نووسەر شاعیر سەباح رەنجدەر لەبارەی ئەزموونی شیعریی ئەحمەد تاقانە ئاخاوت.
پاشان بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خەڵاتی رێزلێنان، هەروەها گوڵی رێز و وەفای پێشکەش بە ئەحمەد تاقانە کرد.
لە دومایی رێوڕەسمەکەدا، ئەحمەد تاقانە گوتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە رێوڕەسمەکەیان رێکخست.