بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن وەرگێڕانی شاکاری ئەدەبیی “مەم و زین”ـی ئەحمەدی خانی بۆ زمانی فارسی بەرز دەنرخێنێت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 10ـی 2ـی 2024 لە هۆڵی راگەیاندنی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و، سیداد بارزانی، مەحموود محەممەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی ٢ی (پ.د.ک) و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆشنبیر و نووسەر و میدیاکاران، رێوڕەسمێکی شایستەی بۆ ناساندن و بەرزنرخاندنی وەرگێڕانی شاکاری ئەدەبی “مەم و زین”ـی ئەحمەدی خانی بۆ زمانی فارسی بەڕێوەچوو.
دەستپێکی رێوڕەسمەکە بە سروودی ئەی رەقیب و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ـی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک ئاماژەی بەوە کرد: کە د.شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی، یەکێکە لە قەڵەم بەدەست و ئەکادیمیست و نووسەر و وەرگێڕە دیارەکانی کوردستان، کە خۆی لە کارێکی زۆر گرنگ داوە، ئەویش وەرگێڕانی مەم و زینە بۆ زمانی فارسی، لەو روانگەیەوە گرنگە لەڕێی وەرگێڕانەوە خۆمان و ئەدەب و دۆز و خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان بناسێنین.
پاشان فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک گوتاری مەکتەبی سیاسی پێشکەشکرد و گوتی:
دەستخۆشیی لە د.شێرزاد دەکەم، کارێکی جوان و گەورە و مێژوویی ئەنجام داوە و جێگەی دەستخۆشییە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا وەرگێڕان هونەر و زانست و لێهاتن و ژێهاتنە، هەموو کەسێک بە ئاسانی ناتوانێت وەرگێڕان بکات.
لە رێوڕەسمەکەدا د. شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی، ناساندنی بۆ کتێبی مەم و زینی ئەحمەدی خانی کرد و تیشکی خستە سەر:
نێوەڕۆکی وەرگێڕانەکەی و بەشێوەیەکی ورد تەواوی بڕگە و قۆناغەکانی وەرگێڕانی شاکاری مەم و زینی بۆ زمانی فارسی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەستخۆشیی لە بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی کرد کە بەو شێوازە جوانە رێز لە بەرهەمە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی نووسەرانی کوردستان دەگرێت.
ستران و میوزیک بەشێکی گرنگی رێوڕەسمەکە بوو، تێیدا هونەرمەند ژیوار شێخولئیسلامی چەند سترانێکی پێشکەشکرد.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکە پانێڵێک بەنێونیشانی “مەم و زین شاکارێکی گەشی ئەدەبی” بەڕێوەچوو، تێیدا هێرۆ شێخوئیسلامی بەنێونیشانی “کاریگەری مینیاتۆر لە کتێبی مەم و زین”، د. مایکل لیزینبێرگ “مەم و زینی ئەحمەدی خانی لە ئەدەبی کلاسیک بۆ ئەدەبی جیهانی” و تەحسین دۆسکی، بەنێونیشانی “ئامانجی ئەحمەدی خانی لە نووسینی مەم و زین” بەشداربوون.
پاشان رێزلێنان و گوڵی رێز و وەفا پێشکەش بە د. شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی کرا.
لە دومایی رێوڕەسمەکەدا (30) میناتۆری کتێبی مەم و زین بە شێوەی پانۆراما لەلایەن هێرۆ شێخولئیسلامی نمایشکرا.