بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بنکەی رۆشنبیری لالش، ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و دەستەی باڵای بنکەکە کرد.
پەیامی پیرۆزباییەکەدا هاتووە: یادی 32 ساڵەی دامەزراندنی بنکەی رۆشنبیری لالش پیرۆز بێت. بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بنکەی رۆشنبیری و جڤاکی لالش پیرۆزبایی لە سەرۆک و دەستەی بەڕێوبەرانی بنکەی لالش و سەرجەم کۆمەڵگەی شنگالی و کوردانی رەسەنی ئێزدی دەکەین.
لە ماوەی تەمەنیدا بنکەی لالش، خزمەتێکی بەرچاو و بەهاداری کولتوور و رۆشنبیری و رەسەنایەتی کوردستان و جڤاکی ئێزدی کردووە و رۆڵێکی گەورە و پڕ بایەخی گێڕاوە لە ناساندن و خزمەتکردن و بووژاندنەوەی کولتووری رەسەنی کوردی و کار و کۆششەکانی لەو پێناوەدا جێگەی ڕێز و پێزانینە.
هەوڵەکانی بنکەی لالش بۆ قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی و پێشخستنی توانا و بەهرەی لاوان لە پێناو بنیاتنانی ئاییندەیەکی گەش جێی رێز و پێزانینە.
دووبارە یادی دامەزراندنی بنکەی لالش پیرۆز بێت و هەمیشە لە سەرکەوتن و گەشەکردندا بن.

